ژن لە ئاوێنەی هزری میرزا مەنگوڕیدا

ژن لە ئاوێنەی هزری میرزا مەنگوڕیدا


دکتۆر (لیڤی ڕۆچ) لەمێژە هەوڵی ئەوەی داوە، کە وەڵامی پرسیاری (ئاخۆ سەرجەم براوەکان مێژوو دەنووسنەوە؟) بداتەوە، ناوبراو پڕۆفیسۆری مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستە لە زانکۆی (ئێکستەر)، پێی وایە تا ئەندازەیەک ئەوە ڕاستە ! هەرلەم ڕوانگەیەوە بەنێو ئەوە ڕاستییەدا شۆڕدەبینەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی  دەگوترێت مێژوو هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نووسراوەتەوە، هەربۆیە مێژوویەکی نێرسالار و تووندوتیژمان هەیە. لەو مێژووە پیاوانەیەدا، کە ژنی تێدا فەرامۆشکراوە کاتێک لاپەڕەکانی ژیان، شیعر و بەسەرهاتەکانی(میرزامەنگوڕی)، سەرجەم بەرهەمەکانی لە (شیعر ، چیرۆک ، یۆتۆپیا، مێژوو، بیرەوەریی ...تاد  تەیدەکەیت تووشی ڕاوەشاندنێکی فکری و هەڵوەستەیەکی قوڵ دەبین ، کە لە تاریکترین سەردەمدا گەورەترین داکۆکیکاری ئافرەتانی کورد، دژی نەریت و ئەو ستەمە ناڕەوایانە وەستاوەتە، کە بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامدراوە، هەربۆیە دەڵێت :
''مافی ئافرەت لە جیهاندا باوە
لە هەموو لایەک مافی ژن دراوە
ئەو خاکەی کەوا ژنی پاشکەوتووە
کۆمەڵی پەست و بەشخوراوە

(میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی) مێژوونووس، شاعیر و ڕوناکبیرێکی کوردە (١٩١٠-١٩٨٨) لەو کاتەدا کۆمەڵگەی کوردی وێڕای داگیرکاری لە ژێر قورسایی دابونەریتی خێڵ و دەرەبەگایەتیدا دەیناڵاند، میرزا مەنگوڕی تەنها وەک ئاشقێک باسی لە جەستە و جوانی ئافرەت نەکردووە، بەڵکو وەک ڕوناکبیر و مێژوونووسێک دژایەتی خۆی بۆ (سیستەمی پیاوسالاری) ڕاگەیاندووە، پێیوابووە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت  بە باڵێک بفڕێت، (پرسی خوێندن )و (ئازادی ژنان)ی بە مەرجی سەرەکی ڕزگارکردنی کوردستان دەزانی.
ژن لە هاوکێشەی ئەڤینی مەنگوڕیدا چەمکێکی سادە و تێپەڕ نەبووە، بەڵکو  هێزێکی داهێنەر و پیرۆز بووە. هەربۆیە لە دیوانی (بەهەشتی دڵداری) ئەشق دەکاتە ئامڕازێک بۆ بەرزڕاگرتنی (پێگەی مرۆیی ژن)، چونکە ژن لە ژیانی میرزا مەنگوڕیدا پاشکۆ نەبوو خودی گەردون و سەرچاوەی ژیان بوو، لە یەکێک لە شاکارە دڵدارییەکانیدا دەڵێت:
"با هەوری پەرچەم تان کە ئەکا شەق لە سەمای ڕو
هەڵدێ دوو مەهی بدرێ خڕی ناسکی یەک تەن
شەیدایە بە گێلگێلەی تۆ ئاشقی گەردون
گێتی وەکو مەنگوڕ بە گڕت گڕ ئەگرێتن''

ئەم بەیتە پڕ لە سۆز و سەمای شاعیرانەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە مەنگوڕی کاتێک داکۆکی لە ژن دەکات، لە ناخییەوە،  بە ئەشقێکی قووڵ و ڕێزێکی بێ پایانەوە دەستپێدەکات. ژن لەلای مەنگوڕی (تاجە) و هەم (چرا) و هەم (ڕێنیشاندەری مرۆڤایەتییە بەرە و ڕووناکی)!

میرزا مەنگوڕی لە توێژینەوەکەی ( ڕاز ئەسعەد ) دا
لەم سەردەمی زۆری و بۆری نووسین و توێژینەوەدا، کە هەموو خوێنەرێک ناتوانێک نووسینی دانسقە و نووسینی پاشکۆ جیابکاتەوە، چونکە بەشێک لە توێژەران لە پشتی مێزەکانییانەوە خەریکی توێژینەوە و نووسینن، بەبێ ئەوەی جاوپێکەوتن و گفتووگۆی مەیدانی بکەن، یاخود کتێبخانە و کتێبەکان بۆ بەدەستخستنی زانیاری  (ڕاز ئەسعەد) وەک توێژەرێکی گەنج و ئافرەتێکی کارا دەرکی بە بایەخ و گرنگی ئەم زاتە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کردووە، بە شایستەی ئەوەی زانیوە کات و توانای بۆ تەرخان بکات و بەدواداچوون و چاوپێکەوتنی زیندوو لەگەڵ بنەماڵەی میرزا مەنگوڕیدا بکات و مێژوویەکی شاراوە و ڕەسەن زیندووبکاتەوە، توێژینەوەیەکی ورد و  مەیدانی دەخاتە بەردەستی خوێنەران.

پەرتووکەکەی (ڕاز ئەسعەد) بەناونیشانی (میرزا مەنگوڕی و مێژووی ژن )  لە (١٣٨) لاپەڕە پێکهاتووە، توێژینەوەیەکی مێژوویی شیکارییە، لەماوەی شەش مانگادا دوو جار چاپ و بڵاوکراوتەوە ، کە  تیشک دەخاتە سەر (پێگەی ژن) لە کۆمەڵگەدا، لەم پەرتووکەدا ئەوە دەبینی، کە (میرزا مەنگوڕی) خاوەنی تێڕوانینێکی پێشکەوتوو و سەرنجڕاکێش بووە سەبارەت بە پرسی ژن، بە شیوازێکی زانستی دەیانهێنێتە بەرباس. (ڕاز) لەم پەرتووکەدا دەیەوێت بیسەلمێنێت، کە پێویستە (مێژووی ژن) لە کایەکانی تر جیابکرێتەوە و وەک مێژوویەکی سەربەخۆ و واقیعی لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت.ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت تێگەیشتنێکی قووڵتر و دروستتر لە پێگەی ژن لە مێژووی کورد دا بە دەستبهێنن.

(ڕاز ئەسعەد) سێ ڕەهەندی گرنگی لە توێژینەوەکەیدا خستۆتەڕوو، چوارچێوە باوەکانی توێژینەوەی شکاندووە و دەریخستووە، کە چۆن (مەنگوڕی) دژی ئەقڵیەتی پەراوێزخستنی ژن وەستاوەتەوە، هەروەها پەنجەی خستۆتە سەر هزری  (مەنگوڕی)، کە ژن وەک بکەری مێژوو پیشان دەدات و لە دیدی ئەوەوە سەرکردە، خەباتگێڕ و خوڵقێنەری ڕووداوەکانن، ئەوەی پیشان داوە ڕەسەنایەتی فکری ژنخوازی و بەرگریکردن لە مافەکانی ژن لە کوردستان، چەمکێکی هاوردەکراو نییە و ڕەگی لە هزر و بیری ڕوناکبیر و پێشەنگەکانی خۆمانداهەیە، بەڵام ئەوەی جیگەی تێڕامانە زاتێکی وەک میرزا مەنگوڕی لە قۆناغێکدا، کە تێڕوانینەکانی بەهۆی ئەقڵی خێڵایەتی و دواکەوتوویی کۆمەڵگەوە پەسەند ناکرێ و دووچاری چەرمەسەرییەکی زۆر دەبێتەوە هەر لە ( بەردباران کردن، شاربەدەرکردن، فەتوای کووشتن، سەنسۆرکردنی نووسینەکانی ...تاد وەک غەدرلێکراوێکی ڕۆژگار و هاوکات پەراوێزخراوێکی کۆمەڵگە دەمێنتەوە، دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، دواجار فکری مەنگوڕی سەربارەت بەژن لە توێژینەوەی خانمێکی گەنجدا دووبارە قبووڵکراو نییە، وەک ئەوەی کە پێویستە هەبێت! ئایا هەر بەڕاستی کۆمەڵگەی کوردی و ناوەندە زانستییەکانی ئێمە لە کوێی بیرکردنەوەکانی ئەم بیرمەندەداین ! بۆ دەبێت دوای ساڵانێکی زۆر هێشتا نەتوانین لە فکری ئەم کەڵە پیاوە تێبگەین؟!!! جێگای داخە، کە ئێمە ناتوانین سوود لە هزرمەندەکانی خۆمان ببین! ئەمەش ئەو ڕاستییە  پیشان دەدات، کاتێک خودیی مەنگوڕی لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕەتدەکرێتەوە، بێگومان توێژینەوەکیش بە جیاوازییەوە هەمان چارەنووسی چەرمەسەرییەکانی مەنگوڕی دەبێت، هەروەک چۆن (ڕاز) خۆی لە پێشەکی چاپی دووەمدا ئەو نەهامەتییانەی زۆر بەجوانی ڕوونکردۆتەوە!

تێڕوانینە فکرییەکانی مەنگوڕی
تێڕوانینە فکرییەکانی (میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی) لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بە ڕوانگەیەکی پێشەنگ و ڕادیکاڵ بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنرێت. مەنگوڕی تەنها خەباتگێڕێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکی قووڵ بووە کە دەیویست بنەماکانی دەسەڵات، ماف و ئازادییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دابڕێژێتەوە، یەکێک بووە لەو بیرمەندە دەگمەنانەی بە شێوەیەکی مێژوویی و شیکاری سەیری کێشەکانی ژنی کردووە. تێڕوانینەکانی لەو بوارەدا هێندە بە پێزبوون، کە لە ئێستادا کراونەتە بنەمای توێژینەوەی ئەکادیمی و گەنجێکی وەک (راز ئەسعەد) بنکۆڵکاری لە کار و نووسینەکانیدا دەکات و پێیوایە ، کە مەنگوڕی بۆ قسەکردن لەسەر (مێژووی ژن) پێش مێژوونووسانی ڕۆژئاوا کەوتووە، چونکە کارکردن لەسەر مێژووی ژن لە لە کوردستان لەلایەن مەنگوڕییەوە، بۆ سییەکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە ، بەڵام لە ڕۆژئاوا بۆ حەفتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، هاوکات  لەو سەردەمەدا مەنگوڕی دژ بەو دابوونەریتە وەستاوەتەوە، کە ژنیان وەک بوونەوەرێکی پەراوێزخراو و پلە دوو سەیردەکرد. پێیوابوو هیچ ڕزگاری و سەرکەوتنێکی نەتەوەیی بەبێ ئازادی و هوشیاری ژنان نایەتەدی. ناوهێنانی کۆمەڵێک ژنی سەرکردە و لێهاتوویی ناوخۆ و بیانی لەو کاتەدا نیشانەی ئاگایی و شارەزایی ئەو بووە.
(مەنگوڕی) لە ساڵی (١٩٣٧)دا هەر بەهۆی بیری هوشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەخرێتە زیندان، چونکە خاوەنی هەندێک تێڕوانینی نوێ  و جیاواز بووە، کە   پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتبوو، ئەو  داوای سیستەمێکی سیاسی وەهای دەکرد، ماف و ئازادییەکانی تێدا پارێزراوبێت. سەبارەت بە باڵادەستی عەشایەر و دەرەبەگایەتی داوای سەروەری یاسای دەکرد و دژ بە چەوساندنەوە دەوەستایەوە، بەپێی نووسینەکانی هیچ کاتێک باوەڕی بە سازش لە سیاسەتدا نەبووە، پێیوابووە دەبێت بە تێکۆشان بەرەو ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان هەنگاوبنێن.

یەکێک لە کارە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی (مەنگوڕی) توانای تێپەڕاندنی سەردەمەکەی خۆی بوو، لە ڕووی ئەدەبی و فەلسەفییەوە. لە پەرتووکی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) و نووسینی بابەتێکی لەم شێوەیە نیشانەی قووڵی لە بیرکردنەوە گەردوونییەکانی بووە، بەهۆی ئەم کتێبەشەوە دووچاری ئەزیەت و گۆشەگیری بۆتەوە. (میرزا مەنگوڕی) بەهۆی ئەم تێڕوانینە پێشکەوتووخوازانەی باجێکی زۆری داوە، بەڵام وەک ڕووناکبیرێکی دووربین و وردبین لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا مایەوە، ئەوەی جێگای داخە بێ پلانی وەزارەتی پەروەردە لەم بابەتەدا کە دەکرا دوای ئەو هەموو ماوەیە لە فەرامۆشکردنی ئەم کەساییەتییە، بەهۆی کتێبی (میرزا مەنگوڕی و مێژووی ژن) ئەو بنکۆڵکارییە فراوانەی (ڕاز ئەسعەد) بیر لەوە بکرایەتەوە هۆنراوەکانی ئەم کەڵە شاعیرە بخرێتە ناو مەنهەجی زمانی کوردی قوتانخانەکانەوە، هاوکات وەزارەتی ڕۆشنبیری کاری لەسەر ئەوە بکردایە، خەڵاتێکی ساڵانە، کە شایستەی ناوی ئەم بیرمەندە بێت، ببەخشراییە بەو توێەژرانەی کار لەسەر ئەزموون و بیر و هزی ناوبراو دەکەن.

سەرچاوە:
راز ئەسعەد، میرزا مەنگوڕی و مێژووی ژن، چ ١، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢١، سلێمانی.
میرزا مەنگوڕی، بەسەرهاتی مەنگوڕی (یادداشت)چ١ ، ٢٠٢٦، ناوەندی ڕۆمان، سلێمانی.
-میرزا مەنگوڕی، بەهەشتی دڵداری، چاپخانەی کارۆ، چ ٢ ،سلێمانی، ٢٠٢٠.
-میرزا مەنگوڕی، دەستوری ژیان، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٠.

نووسینی: بەهرە حەمەڕەش