فێدراسیۆنی ژنان دانیشتنێكی گرنگی لە شاری دۆسڵدۆرف ئەنجامدا

فێدراسیۆنی ژنان دانیشتنێكی گرنگی لە شاری دۆسڵدۆرف ئەنجامدا


لە ڕێكەوتی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ لەشاری دۆسڵدۆرف/ئەڵمانیا بە سەرپەرشتی شیرین زەكی سەرۆكی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، دانیشتنێكی گرنگ لەگەڵ ژنانی ئەڵمانیا سازكرا.

لەم دانیشتنەدا، د. ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی، هەرمن ئەحمەد ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، یاد ئەمین سەرۆکی فێدراسیۆنی لاوان و گەنجان و كۆمیتەی ئەڵمانیای فێدراسیۆنی ژنان ئامادەی دانیشتنەكە بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا پێشوازییەکی گەرم لە تەواوی بەشداربووان و میوانانی هێژا کرا، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوان، پێشەنگ و کەسایەتییە مەدەنییەكان و نوێنەرانی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان ئامادەییان هەبوو. 

لەسەرەتادا، د. ئیسماعیل کامل وتەیەكی پێشكەش كرد کە تیایدا جەختی لەسەر بایەخی ستراتیژیی فێدراسیۆنی ژنان كردەوە و ئامادەیی تەواوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ پشتیوانیکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی ژنان دووپات كردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە فێدراسیۆنی ژنان، یەكەم فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی بوو كە تۆمار كرا و توانی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە كارەكانی بەڕێوە ببات. 

دواتریش قارەمان عوسمان و هەرمن  ئەحمەد و یاد ئەمین خۆیان بە ئامادەبووان ناساند، و هەر یەكەیان دیدگا و بۆچوونی خۆیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

شیرین زەكی، وتەیەكی پێشكەش بە ژنانی ئامادەبوو كرد و تیشكی خستەر سەر کارنامە و ئامانجە بنەڕەتییەکانی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرجەم ئامادەبووان خۆیان ناساند و سەرنج و پێشنیارەکانیان بۆ باشترکردنی کارەکانی فێدراسیۆن خستەڕوو، هاوکات گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی ڕێکارە کردارییەکانی کاراکردن و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە گۆڕەپانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا ئەنجامدا، و کۆبوونەوەکەش بە کۆمەڵێک دەستکەوتی بەرچاو و وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکان لە ئەڵمانیا کۆتایی پێ هات.