بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژیی سێکسی لە پێکدادانەکاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و ڕێکخراوی "تیریژێن ڕۆژێ"، کۆنفرانسێکیان لەژێر دروشمی ”یادکردنەوەی کارەساتی ئێزدییەکان" لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆکە بەڕێوەبرد. کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان پڕۆفیسۆر د. داود ئەترووشی سەرۆکی زانکۆی دهۆك، ماجد سەید ساڵح جێگری پارێزگار، شیرین زەکی سەرۆکی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و چالاکوانان بەڕێوەچوو. جێگەی ئاماژەیە كە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نێودەوڵەتییەکان، ناوخۆییەکان و تۆڕەکانی ڕزگاربووان، پێکەوە کاریان کردووە بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی تۆکمەی پشتگیریی یاسایی، دەروونی و ئابووری بۆ سەرجەم ڕزگاربووان.