پەیامی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان

پەیامی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان


بۆ ڕای گشتیی جیهانی، دۆست و هاوخەمانی دۆزی گەلی کورد، و کۆمەڵگەی کوردی لە دیاسپۆرا:

ئەمڕۆ، ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦، یادی پڕ لە ئازار و برینی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەم دەکەینەوە؛ کە تیایدا رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی ١٩٨٣دا هەشت هەزار پیاو و مێرمنداڵی بێتاوانی بارزانیی لە تەمەنی جیاوازدا لە ناوچە ڕەسەنەکانیان ڕاگواست و لە بیابانە دوورەدەستەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا زیندەبەچاڵ کرد. 

ئەم تاوانە قێزەوونە تەنها پەلامارێک نەبوو بۆ سەر ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو قۆناغێکی سەرەکی و خوێناویی پیلانە نامرۆییەکەی ئەنفال بوو کە بەمەبەستی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد ئەنجام درا. ڕژێمی بەعس لەم کۆمەڵکوژییەدا هەموو بەها مرۆیی و یاساییە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد و بە شێوازێکی دڕندانە خێزانەکانی لە باوک، برا، کوڕ و پشتیوان بێبەش کرد.

ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بارزانییەکان و ڕۆڵەکانی تری گەلی کورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییانەوە بوو و، ئامانجی دوژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشکێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو و، سەرئەنجام ئەو ئیرادە بەرزە سەرکەوت و دوژمنانیش شکست و سەرشۆڕییان بۆ مایەوە. ئەمە دەبێ ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان كە لەبەرانبەر میللەتی مەزلوومی كورد دەستبەرداری عەقڵیەتی نكۆڵیكاری و شۆڤینیەت بن.

وەک فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، لەم ڕۆژە خەمناكەدا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەزاران شەهیدی بێتاوانی ئەنفالی بارزانی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەکەینەوە و سەری ڕێز بۆ دایکانی ئەنفالکراوان نەوی دەکەین کە بە فرمێسك و خۆڕاگرییەوە مێژوویان تۆمار کرد. هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە بە فەرمی دانی بە تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیی بارزانییەکاندا بنێت و بەرپرسیارەتیی یاسایی و ئەخلاقی هەڵبگرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان. 

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ئەم تاوانە گەورەیە وەک جینۆساید بناسێنن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی چنین کارەساتە مرۆییانە بگیرێت لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی كوردستان.

فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی
٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦