فێدراسیۆنی ژنان پیرۆزبایی لە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی دەكات
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، بەبۆنەی بەستنی یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە وڵاتی ئەڵمانیا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، ئەندامان و سەرجەم بەشداربووانی کۆنگرەکە کرد.
فێدراسیۆنی ژنان لە پەیامەکەیدا وێڕای دەربڕینی گەرمترین پیرۆزبایی، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی ئەم کۆنگرە گرنگە ڕاگەیاند، کە لە ژێر دروشمی پڕ مانای ”زمانمان ناسنامەی کوردبوونمانە“ و لەژێر چاودێریی ڕێزدار (شفا بارزانی) سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوەدەچێت.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی
سڵاوێکی نیشتمانی و دڵسۆزانە...
بەبۆنەی بەستنی یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی تێکۆشەرەکەتان لە وڵاتی ئەڵمانیا، کە لە ژێر دروشمی پڕ لە مانا و پێویستی
”زمانمان ناسنامەی کوردبوونمانە“ و لەژێر چاودێریی ڕێزدار (شفا بارزانی) سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی سازدەکرێت، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و سەرجەم بەشداربووانی کۆنگرەکەتان دەکەین.
زمان، دەربرینی ڕاستەقینەی بوون و فاكتەری سەرەكی بەرگریی نەتەوەیی هەر گەلێکە. لە دیاسپۆرا پاراستنی زمانی دایک تەنیا ئەرکێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکو پاراستنی ڕیشە و مێژوو و داهاتووی نەوەکانمانە. ئێمە لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، لە کاتێکدا دەستخۆشی لەم هەنگاوە ستراتیژی و نەتەوەییە گرنگەتان دەکەین، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ سەرخستنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان ڕادەگەیەنین.
هیواخوازین ئەم کۆنگرەیە ببێتە وێستگەیەکی نوێ بۆ یەکخستنی گشت توانا فەرهەنگی، ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو زیندوو ڕاگرتن و پەرەپێدانی زمانی شیرینی کوردی لە نێو ڕەوەندی کوردستانی لە سەرانسەری جیهاندا.
سەرکەوتووبن
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی
٢٧ی ٦ی ٢٠٢٦