سەرۆكی فێدراسیۆنی ژنان سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) كرد
کوردستان | ٢ی تەممووزی ٢٠٢٦
لە بارەگای مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان (پ.د.ک)، لەلایەن ئەمیر جەرگیس بەرپرسی دێسکی ئەوروپای مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی(پ.د.ک) و مینا سامی ئەندامی دێسكی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، پێشوازییەکی گەرم لە شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی کرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکان بەخێرهاتنی سەرۆكی فێدراسیۆنیان کرد و پیرۆزبایی گەرمی ساڵیادی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکەیان لێکرد. هەروەها بەرز نرخاندنی ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری فیدراسیۆن لە چوارچێوەی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، کە هاوشانی ٢٢ فیدراسیۆنی تری کوردستانی، کار بۆ گەشەپێدان، پێشکەوتن و یەکگرتنی دامەزراوەکانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەکەن.
بەرپرسانی مەکتەبی پەیوەندییەکان هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی فێدراسیۆنی ژنان خواست، کە وەک ئەندامی چالاک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ژناندا کار دەکەن. جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم چالاکییانە لە پێناو ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد، داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکان، و هێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانییە لە کوردستان، بە شێوازێک کە شایستەی مێژووی پڕ لە قوربانیی ئافرەتی کورد بێت لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییەکانی دیاسپۆرا و بووژانەوەی دامەزراوەکانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی داڕشتنی پلانەکان لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاست و دروست، بە ئامانجی خزمەتکردن بە پێشکەوتنی پرسە نیشتمانییەکان، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، زمان و کولتووری کوردی، و چەسپاندنی گیانی هاوکاری و یەکگرتوویی لە نێوان سەرجەم دامەزراوەکانی دیاسپۆرای کوردستانیدا.