شفا بارزانی پیرۆزبایی لە فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی دەكات
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی كوردستانی، بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، بروسکەیەکی پیرۆزبایی فەرمی ئاڕاستەی ستاف و تەواوی ئەندامانی فیدراسیۆنەکە کرد.
له بروسکەکەدا، کە واژۆی شفا بارزانی لەسەرە، هاتووە: "بە بۆنەی ٣ سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنەکەتان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی ستافی کۆمیتەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆن و تۆڕەکانی فیدراسیۆن و سەرجەم ئەندامانی فیدراسیۆنەکەتان دەکەم، و دەستی ماندووبوونتان دەگوشم."
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی ههوڵ و تێکۆشانەکانی فیدراسیۆنەکە کردووە لە پێناو کۆکردنەوەی ژنانی کوردستانی لە دیاسپۆڕا لە ژێر چەتری فیدراسیۆنێکی کوردستانی تایبەت بە توێژێکی گرنگ و کاریگەری وەک ژنان.
لە بەشێکی تری بروسکەکەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی ژنان کراوە و هاتووە: "هەروەک چۆن ژنانی کورد لە ڕابردوودا ڕۆڵی کارایان هەبووە لە پاراستنی زمان و کولتووری کوردی، هیوادارم کاری لەپێشینەی فیدراسیۆنەکەتان بەردەوامی دان بێت بە ڕێچکەی گۆشکردنی ڕۆڵەکانمان بە زمان و کولتوور و مێژووی وڵات، و بیری ئازادی و سەربەخۆیی لە مۆخەیاندا چەکەرە پێ بدەن."
لە کۆتایی بروسکەکەدا, تەئکید لەوە کراوەتەوە کە پێویستە فیدراسیۆنەکە ببێتە ماڵی دڵسۆزی ژنانی کوردستانی و پێشەنگی ڕێکخستنی کوردستانیان بێت لە دیاسپۆرا، لە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.