پەیامی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی کرێکار لە نیشتمان و دیاسپۆرا دەکات.
یەکەمین ڕۆژی مانگی ئایار، تەنها یادکردنەوەی ڕۆژمێریی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و بەگژداچوونەوەی نادادی و چەوسانەوە.
ئێمە وەک ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لە دیاسپۆڕادا، لەم بۆنەیەدا بە گرنگییەوە دەڕوانینە پێگەی ژنانی کرێکار. ژنان لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاریدا هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان بوون، وێڕای ئەوەی ڕووبەڕووی چەوسانەوەی چینایەتی و ڕەگەزی بوونەتەوە.
وەک فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی دادپەروەریی، یەکسانی و پاراستنی شکۆی ژنان لە هەموو کایەکانی کاردا.
ژنانی کرێکار سیمبولی خۆڕاگری و بناغەی ئابووریی کۆمەڵگەن، خەباتی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە، و بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بەردەوامە.
پیرۆز بێت یەکی ئایار.
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٦