ڕێکەوتی ٢٦/٤/٢٠٢٦ لەشاری هێلسینکی پایتەختی فینلاندا، لە کەشێکی دیموکراسی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوانانی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان، کۆنفرانسی لیژنەی فینلاند بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی خاتوو شیرین زەکی سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، و نزیکەی ٤٠ خاتوون لە شارە جیاوازەکانی فینلانداوە بەشدارییان تێدا کرد، کە ئەمەش نیشانەی گرنگی و بایەخی ئەم کۆنفرانسە بوو. سەرەتا لەلایەن خاتوو دونیا خەلیل وەک بەڕێوەبەر و پێشکەشکاری بەرنامەکانی کۆنفڕاس بەخێرهاتنی ئەندامان، میوانان و ئامادەبووان کرا، کۆنفراس بە سروودی نەتەواویەتی ئەی ڕەقیب، و خوولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە چەندین بڕگەی گرنگی لەخۆگرتبوو، کە تیشکی خستە سەر ڕابردوو و داهاتووی فیدراسیۆن. ١- پەیامی فیدراسیۆنی ژنان لەلایەن شیرین زەکی و باسێک لە مێژووی دامەزراندنی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا و ئەو ئامانجانەی کە لەپێناویدا دامەزراوە، پێشکەشکرا. ٢- ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی گرنگیان پێشکەشکرد کە جەختیان لەسەر پەرەپێدانی تواناكانی ژنانی کورد لە تاراوگە کردەوە. ٣- فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان (ڕێکخراوی کوردیلیتۆ)، لە فینلاندا بەشدارییان کرد و پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆیان پێشکەش کرد. ٤- خۆناساندنی ئامادەبووان، و میوانەکان هاوکات پێشکەشکردنی کورتەیەک لە پەیامەکانیان. ٥- بەشێکی تایبەت تەرخانکرا بۆ پرسیار و وەڵامی ئامادەبووان، کە تێیدا پێشنیاری گرنگ بە مەبەستی باشترکردنی کارەکانی داهاتوو گەنگەشە کران. ٦- بە شێوەیەکی شەفاف و سەرکەوتووانە، پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام درا بۆ دەستەی نوێی بەڕێوەبەری لیژنەی فینلاندا، کە ئەم خاتوونانەن لەهەر چوار بەشی کوردستان: دونیا خەلیل، و سارا عەلی صالح (چنور)لە بەشی باشوور، لاوێن ئیبراهیمی نازی لە بەشی ڕۆژهەڵات، غەزالە گیرای ئونگرور لەبەشی باکور، موردە عوسمان (میدیا قامیشلو) لەبەشی ڕۆژئاوا. ٧- کۆنفرانسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، و دەستەی نوێی بەڕێوەبەری فیدراسیۆن لە وڵاتی فینلاندا دەستنیشانکران. ئامادەبووان هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەستەی نوێ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا بۆ خزمەتکردنی پرسی ژنی کورد لەدیاسپۆڕا. ئامادەکاری تەواوی کۆنفراس بەهاوکاری خانمانی دەستڕەنگین (…..) کرابوو. شایانی باسکردنە کە ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی توانا نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی کورد لە وڵاتی فینلاندا و بەهێزکردنی پێگەیان لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکاندا. فیدراسۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی یەکشەممە ٢٦/٤/٢٠٢٦