لە شاری هێرنە خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتگیری لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو

لە شاری هێرنە خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتگیری لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو



ڕێكەوتی ٤ی٤ی٢٠٢٦; بە بەشدارییەکی بەرچاوی ڕەوەندی کوردی و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە لە شاری هێرنەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتی ئێرانیان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان کرد.

خۆپیشاندانەکە لە گۆڕەپانی (Willi-Pohlmann-Platz) بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر یەکڕیزیی گەلی کورد لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان کرایەوە. بەشداربووان بەدروشمی جۆراوجۆر داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن.

خاڵی سەرنجڕاکێشی چالاکییەکە، ئامادەیی فراوانی ژنانی کوردستانی بوو. ژنان لە شاری برێمنیشەوە بەشداری خۆپیشاندانەکەیان كرد و بە دەنگێکی بەرز پشتگیریی خۆیان بۆ خوشک و براکانیان لە نیشتمان دووپات کردەوە.

ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی چەندین ناوەند و ڕێکخراو ڕێکخرابوو:
 -کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی.
 - کۆمەڵە کوردییەکانی شارەکانی (بۆخوم، ڕێکلینهاوزن، ئۆبەرهاوزن، مارڵ و هێرنە).

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا، جەخت کرایەوە کە دەنگی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا بەردەوام دەبێت و وەک فشارێکی مەدەنی و سیاسی بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کورد بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان بەکاردەهێنرێت.