لەژێر چاودێری سەرۆك مەسعود بارزانی و بەسەرپەرشتی ڕێزدار شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی، لە شاری بۆن كەرنەڤاڵی نەورۆزی ٢٠٢٦، لەلایەن كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانییەوە بەڕێوەبردرا. لەكەرنەڤاڵەكەدا، پەیامێكی ڤیدیۆیی سەرۆك بارزانی پێشكەشكرا كەتیایدا داوای یەكڕیزی گەلی كوردی كرد. هاوكات تیشكی خستەر گرنگی پاراستنی كەلتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی. بەڕێزان شیرین زەکی سەرۆكی فێدراسیۆنی ژنان و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی KDWF (نەجلا چامڵیبێل، کارینا وەزیر و خوناڤ حاجۆ)، بەشداربوون لە پرۆسەی ئامادەکارییەکانی كەرنەڤاڵی نەورۆز. ئەندامانی فێدراسیۆنی ژنان بە شانازیی و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كارەكانی خۆیان جێبەجێكرد. ئەم كەرنەڤاڵە بەسپۆنسەری میدیایی كوردستان تیڤیی و بەشداریی چەندین هونەرمەند ئەنجامدرا. چەندین وتاری پەرلەمانتاران و كاربەدەستانی ئەوروپا تێیدا پێشكەشكران. ژن و پیاو و گەنج و منداڵی كوردستانی بە پۆشینی پۆشاكی نەتەوەیی نیشانی جیهانیاندا کە هۆشیاریی نەتەوەیی زیندووە و داهاتوو هی ئەوانە. دەتوانین بڵێین پەیامی شاری بۆن بریتی بوو لە: کوردستان بە یەک دڵ و یەک ئامانج، بە هیوا و بڕواوە بەرەو ژیان لە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا هەنگاو دەنێت.