جەژنی نەورۆز لە پەرلەمانی ویلایەتی شلێسڤیگ-هۆڵشتاین لە ئەڵمانیا پیرۆز کرا.

جەژنی نەورۆز لە پەرلەمانی ویلایەتی شلێسڤیگ-هۆڵشتاین لە ئەڵمانیا پیرۆز کرا.



لە کەشێکی گرنگی كەلتووری و دیپلۆماسیدا، ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە ناو هۆڵی پەرلەمانی ویلایەتی شلێسڤیگ-هۆڵشتاین (Schleswig-Holstein) لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییە بە هاوکاری پەرلەمانتار سەیران پاپۆ ڕێکخرابوو، وەک دەرفەتێکیش بۆ ئاشناکردنی كەلتووری کوردی بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە كەلتوورییەكان نرخێندرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، بەڕێز شفا بارزانی و بەرپرسی گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاست بەرزیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و پەرلەمان ئەنجامدا. لە ئاهەنگەکەدا تۆبیاس کۆخ، سەرۆکی فراکسیۆنی CDU و فینیکا ماگدالێنا، وەزیری ناوخۆی ویلایەتەکە ئامادە بوون. بەڕێز شفا بارزانی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی وەک یەکێک لە گەورەترین پێکهاتەکانی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا، هەروەها جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە یاساکانی وڵاتی خانەخوێ و پەرەپێدانی هەماهەنگی كەلتووری کردەوە.

هەر لەو مەراسیمەدا، ئەندامانی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەشدارییەکی چالاک و بەرچاویان لە ڕێوڕەسمەکەدا هەبوو. نوێنەرانی فیدراسیۆن، خاتوو سەلامە عەلی عەبدوڵڵا، ئامادەبوونی خۆیان لەم ناوەندە گرنگەی ئەڵمانیا وەک پەیامێکی گرنگ بۆ نیشاندانی ڕۆڵی ژنی کورد لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و كەلتووری لە دەرەوەی وڵات، دەرخست.

ئاهەنگی نەورۆز لە کەشێکی پڕ لە دڵخۆشی و پەیوەندییەکی گەرموگوڕدا بەڕێوەچوو.