ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە بەشداریکردن لە کۆنگرەی ساڵانە و ئاهەنگی ١١٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ناوەندیی ڕێکخراوەکانی ژنانی فینلەند (Naisjärjestöjen Keskusliitto) لە شاری هێلسینکی، دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ ژنانی کورد لە دیاسپۆرا تۆمار کرد. شاندی فیدراسیۆنەکە بە سەرۆکایەتیی خاتوو شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، و بە یاوەریی خاتوو میدیا، بەرپرسی کۆمیتەی فینلەند، و خاتوو غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد، کە تێیدا فیدراسیۆنی ژنان وەک ئەندامێکی فەرمی خاوەنی مافی دەنگدان بوو. لە میانی کۆنگرەکەدا، لە نێوان ٧٣ ڕێکخراو و فیدراسیۆنی ژنان لەسەر ئاستی فینلەند، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، خاتوو غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر (Gazale Giray-Öngörür)، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان وەک ئەندامی دەستەی ڕێبەریی یەکێتییەکە بۆ خولی سێ ساڵەی (٢٠٢٧ تا ٢٠٢٩) هەڵبژێردرا. بەدرێژایی ١١٥ ساڵی تەمەنی یەکێتیی ناوەندیی ڕێکخراوەکانی ژنانی فینلەند کە گەورەترین ڕێکخراوی چەتری ژنانە لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا و زیاتر لە سەدەیەکە بۆ مافەکانی ژنان و یەکسانی تێدەکۆشێت، ئەمە یەکەمجارە نوێنەری ڕێکخراوێکی ژنانی کورد جێگەی خۆی لە دەستەی ڕێبەریی ئەو ناوەندە باڵایەدا دەگرێت. هەر لە کۆنگرەکەدا، خاتوو ڕیتڤا ڤیلیانێن (Ritva Viljanen) وەک سەرۆکی نوێی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا و هاوشانی خاتوو غەزالە، هەریەک لە (مێرڤی مێکی نێستە لە ڕێکخراوی Maa- ja kotitalousnaiset، ئێلینا پۆکی لە ڕێکخراوی Kuurojen Liitto ry، و سالا ڕۆنی پۆرانێن لە ڕێکخراوی Soroptimist International Finland ry) وەک ئەندامانی نوێی دەستەی ڕێبەری دەستنیشان کران. بڕیارە دەستەی نوێ لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ـەوە بە فەرمی دەستبەکار ببن. فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی وێڕای پیرۆزبایی لە خاتوو غەزالە، سەرۆکی نوێ و تەواوی ئەندامانی دەستەی ڕێبەری، سوپاسی متمانەی ڕێکخراوە بەشداربووەکانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکە بۆ تەواوی ژنانی کورد لە فینلەند و دیاسپۆرا، تاوەکو لەمەودوا دەنگی ژنی کورد لە ناوەندە باڵاکانی بڕیارداندا بەهێزتر ببیسترێت.