میدیا قامشلو: بێ نیشتمان لەدایکبووم، بەڵام بە هەست و خۆشەویستییەوە نەخشەی کوردستانم کێشایەوە

میدیا قامشلو: بێ نیشتمان لەدایکبووم، بەڵام بە هەست و خۆشەویستییەوە نەخشەی کوردستانم کێشایەوە


 ڕۆژی هەینی، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە میانی جەژنی کەلتووریی مێریراستی (Merirastin Kulttuurijuhla) لە شاری هێلسینکی پایتەختی فینلەندا، فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە سەرپەرشتیی خاتوو شیرین زەکی، سەرۆکی فێدراسیۆن، و بەشداریی چنور قادری و ئەندامانی دیکەی فێدراسیۆنەکە، چالاکییەکی کەلتووری و مێژوویی بەرچاویان ئەنجام دا.

لەم چالاکییەدا، خاتوو میدیا قامشلو (موریدە عوسمان)، بەرپرسی کۆمیتەی فینلەندای فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە دەرکەوت و بە دەستەکانی خۆی نەخشەی چوار پارچەی کوردستانی گەورەی دروست کردبوو کە ناوی تەواوی شارەکانی تێدا نەخشێندرابوو.

میدیا قامشلو دەربارەی کارەکەی ڕایگەیاند: «من بێ نیشتمان لەدایکبووم و زۆر بەباشی دەزانم بێ نیشتمانبوون واتای چییە، بەڵام دەمویست نەخشەی نیشتمانەکەم، کوردستان، بە دەستەکانی خۆم بکێشم... بە هەموو هەست و خۆشەویستییەکەمەوە بۆ گەل و نیشتمانەکەم.»
لە تەنیشت نەخشەکەوە، هاوکێشەیەکی مێژوویی خسترابووە ڕوو: «٢ + ٢ = ١؛ ئەم هاوکێشەیە تەنها بۆ کورد ڕاستە، چونکە کوردستان کراوە بە چوار پارچە، دوو بەش لەگەڵ دوو بەش دەبێتە یەک — کوردستان!».

جگە لە پێشکەشکردنی خواردنی ڕەسەنی کوردی، میدیا قامشلو بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر بە زمانی فینلەندی وتارێکی تێروتەسەلی مێژوویی بۆ جەماوەری ئامادەبوو لە کەلتوور و نەتەوە جیاوازەکان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر مێژووی کوردستان، ڕیشەی گەلی کورد و ناسنامەی نەتەوەیی.

خاتوو میدیا ساڵانێکی زۆرە لە فینلەندا لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە (NGO) لە بوارەکانی کەلتوور، هونەر، مێژوو، فێرکاریی زمانی کوردی و سەمای کوردییدا چالاکیی بەردەوامی هەیە و خزمەتێکی گەورە بە کۆمەڵگەی کوردی و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە دیاسپۆرا دەکات.