باوکسالاری لە کەیەوە دەستی پێکرد؟

باوکسالاری لە کەیەوە دەستی پێکرد؟


ساڵی ۱۹۳۰، باخچەی ئاژەڵانی لەندەن ڕایگەیاند کە ئەو شوێنەی تایبەت بە مانەوەی بابونەکانە (جۆرە مەیموونێک)ە، دادەخات. ئەم بابەتە زۆر بەزوویی بووە تیتر و هەواڵی یەکەمی ڕۆژنامەکان.
سالانێکی زۆر، «گردی مەیمونەکان» لە باخچەی ئاژەڵانی لەندەن بەهۆی ئەو شەڕ و هەڵچوونانەی کە بوویان و زۆربەی کات مردنیشی بەدوواوە بوو، ببووە ناوەڕۆکی هەواڵەکان. هەر لەم پەیوەندەدا گۆڤاری تایمی ئەمریکی دواترەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە شەڕێکی توند لە گردی مەیمونەکان بڵاوکردەوە، کە ئیتر ئەمە بوو بە خاڵی کۆتایی بۆ داخرانی ئەم گردە. لەم شەڕەدا جۆرج، یەکێک لە بابوونە گەنجەکان، بابوونێکی «مێیینەی» ڕفاند کە سەر بە پاشای هۆزەکە بوو، یانی گەورەترین و پیرترین بابوونی گردی مەیمونەکان. دوای گەمارۆیەکی درێژ، جۆرج، بابوونە مێیەکەی کوشت!
ڕووداوەکانی گردی مەیمونەکان، تا ماوەیەکی زۆریش کاریگەرییان هەبوو لەسەر ڕوانینی شارەزایانی باخچەی ئاژەڵان دەربارەی ئەوەی کە نێرینە چۆن بالادەستی دەسەپێنێت لە کۆمەڵگەدا. ڕەفتارە توندوئاژۆکانی ئەم شیردەرە سەرەتاییانەی مێژوو کە (ئاماژەیە بە گرووپێک لە مەیمونەکان، مەیمونە بێ‌کلکەکان وەک شەمپانزدە و گوریلا و تەنانەت مرۆڤیش دەگرێتەوە و پەیوەندی بە ڕەگەزیانەوە نیە. بە ئینگلیسی دەبێتە Primates)، وێنایەکی گشتیی دروست کرد کە بەپێی ئەمە، مرۆڤیش بەسروشتی خۆی بوونەوەرێکە کە نەزمی باوکسالاری بەسەریاندا زاڵە. ئەوانەی کە بۆ سەردانی باخچەی ئاژەڵان دەهاتن، کاتێک کە گردی مەیمونەکانیان دەبینی، وایان دەزانی تەماشای ڕابردووی خۆیان دەکەن. ڕابردوویەک کە تێیدا پیاوان، کە سروشتێکی دڕندانەیان هەیە، هەمیشە ژنانیان کە لاوازتر دەردەکەوتن، دەکردە قوربانی.
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە گردی مەیمونەکان خاوەن بارودۆخێکی ئاسایی نەبوو. ژینگە و دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەم مەیمونانە بە شێوەیەک بوو کە ژمارەیەکی زۆر مەیمونی نێر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەم، مەیمونی مێ لە یەک شوێندا ڕاگیرابوون. دەیان ساڵ دواتر زانایان بۆیان دەرکەوت کە گروپێک لە شیردەرە سەرەتاییەکان Primates ،بە ناوی مەیمونی بۆنۆبۆ، کە خزمی دووری ئێمەی مرۆڤن، کۆمەڵگەیەکی دایکسالاریان هەیە (سەرەڕای ئەوەی نێرەکانیان بەجەستە زۆر گەورەن).
لە دوای ئەم دۆزینەوەیە، بایۆلۆجیستەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە باوکسالاری لە جۆری ئێمەی مرۆڤدا تەنیا بەهۆکاری سروشتی ڕاڤە/لێکدانەوە ناکرێت. واتە شتێک نیە لە ئەزەلەوە بووبێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ نووسینی کتێبەکەم بە ناوی «پاتریارکەکان» بە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا گەڕاوم، تەنها بۆ ئەوەی بزانم ڕیشەی باوکسالاری مرۆڤەکان لە کوێوەیە.بۆم دەرکەوت کە هەرچەندە ئەفسانە و بۆچوونی هەڵە سەبارەت بەوەیکە پیاوان چۆن گەیشتوونەتە ئەو دەسەڵاتە هەنووکەییە هەیە،(لێرە مەبەست ئەو باڵادەستیی و خۆسەپێنەیە). لەلایەکی دیکەشەوە هاوکات مێژووی ڕاستەقینە و دروست دەتوانێت زانیارییەکمان بخاتە بەردەست کە بە یارمەتی ئەو، دەتوانین بگەین بە کۆمەڵگەیەک کەتێیدا یەکسانیی ڕەگەزی مسۆگەرە، واتە بوونی هەیە.
یەکەم شت ئەوەیە کە دەبێت بزانین کە ئەو شێوازەی کە ئێمەی مرۆڤ کۆمەڵگەی خۆمانی پێ ڕێکدەخەین، هاوتا و هاوشێوەی جیهانی ئاژەڵان نییە. خودی وشەی «باوکسالاری»، کە بە واتای فەرمانڕەوایی باوکە، نیشان دەدات چۆن ئەم باوەڕە هەبووە کە دەسەڵاتی پیاوان لە بنەماڵەوە سەرچاوەی گرتووە و پاشان ئەم پلەیە لە باوکانەوە گواستراوەتەوە بۆ کوڕان. ئەم شێوازە لە نێو شیردەرە سەرەتاییەکاندا Primates زۆر بە دەگمەن دەبینرێت.

بەپێی ئەو باوەڕەی کە مێلیسا ئەمری تۆمپسۆن، مرۆڤناسی زانکۆی نیومەکسیکۆ، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەیڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان نەوەکانی ناو بنەماڵەی شیردەرە سەرەتاییەکان Primates زیاتر لەلایەن دایکانەوە ڕێک دەخرێت، نەک باوکان.تەنانەت لە کۆمەڵگەی مرۆڤەکانیشدا، باوکسالاری دیاردەیەکی جیهانگیر نییە. مرۆڤناسان لە توێژینەوەکانیاندا لانیکەم ۱۶۰ کۆمەڵگەی دایکسالاریان لە ئەمریکای باشوور، ئەفریقا و ئاسیا دۆزیوەتەوە، کە تێیاندا تاکەکان بە درێژایی نەوەکان، سەر بە بنەماڵەی دایکیی خۆیانن و میرات لە دایکەوە دەگاتە کچان.لە هەندێک لەم کۆمەڵگایانەدا خوداوەندی ژن هەیە کە دەپەرسترێن و تاکەکان بە درێژایی ژیانیان لە ماڵی دایکیی خۆیاندا دەمێننەوە. بۆ نموونە، پیاوانی هۆزی مۆسۆ لە باشووری ڕۆژاوای چین، لەبری ئەوەی منداڵی خۆیان گەورە بکەن، یارمەتیی گەورەکردنی منداڵەکانی خوشکەکانیان دەدەن.
لە کۆمەڵگە دایکسالارەکاندا زۆرجار دەسەڵات و نفووز لە نێوان ژنان و پیاوان دا دابەش دەکرێت. لە هۆزی دایکسالاری ئەشانتی لە وڵاتی غانا، ڕێبەرایەتی لە نێوان شاژنە دایک و پیاوانی سەرۆک دابەش دەبێت.
لە ساڵی ١٩٠٠دا، ڕێبەرێکی ئەشانتی بە ناوی نانا یا ئەسانتێوا، سوپای هۆزەکەی ڕابەری کرد، کە لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی بەریتانیا ڕاپەڕیبوو.هەرچەند زیاتر بۆ سەردەمی پێش مێژوو بگەڕێینەوە، نموونەی جۆراوجۆرتر لە شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگاکان دەبینین. لە ناوچەی چاتاڵ هۆیوکی باشووری ئەناتۆلیا، کە لە تورکیای ئەمڕۆدایە، شوێنەواری ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر هەیە کە بەهۆی گەورەیی و ئاڵۆزییەکەیەوە بە یەکەمین شاری جیهان ناسراوە. هەموو داتای شوێنوارناسەکانی ئەم شوێنە باس لە کۆمەڵگەیەک دەکەن کە تێیدا ڕەگەزی تاکەکان هیچ کاریگەریی یان جیاوازییەکی لە شێوازی ژیانی ئەواندا، دروست نەکردووە.
ئیان هۆدەر، شوێنەوارناسی زانکۆی ستانفۆرد کە تا ساڵی ٢٠١٨ سەرپەرشتیاری پرۆژەی توێژینەوەی چاتاڵ هۆیوک بوو،دەڵێت: لە زۆربەی ئەو شوێنانەی کە شوێنەوارناسان لێی هەڵدەکۆڵن، بۆیان دەردەکەوێت کە ژنان و پیاوان ڕووتینێکی ڕۆژانەی جیاوازیان هەبووە، خواردنی جیاوازیان خواردووە و ئەندازەی ژەمی خۆراکەکانیان جیاواز لە یەک بووە. بەڵام کاتێک ماوەکانی مرۆڤەکان/ ئەوەی لە لەشی مرۆڤ بەجێماوە، لە «چاتاڵ هۆیوک»مان پشکنی، بۆمان دەرکەوت کە ژەمی خۆراکییان بە تەواوی بە یەک ئەندازە بووە.
ئەوان لە یەک کاتی یەکسان دا لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵ چالاکی و کاریان کردووە وتەنانەت کاری لەیەک چووییان ئەنجام داوە. هاوکاتیش جیاوازیی باڵاش لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا زۆر کەم بوو.ژنان لەم شارە مێژوویەدا، ون و نادیار نەبوون. لەو هەڵکۆڵینانەی لەم شوێنە و ناوچەکانی دیکەی ئەو سەردەمە ئەنجام دراون، پەیکەری بچووکی ژنان دۆزراونەتەوە کە ئێستاکە لە قەفەسەکانی مۆزەخانەی شوێنەوارناسی ئەم ناوچانە دانراون وجێی تێڕامانن.
یەکێک لە ناسراوترینیان پەیکەری ژنێکە بە دانیشتوویی کە لە مۆزەخانەی شارستانییەتی ئەناتۆلیا نمایش دەدرێت. ئەم پەیکەرە ژنێک نیشان دەدات کە ڕێک و قینج دانیشتووە. جەستەی بە ڕوونی نیشانەی تێپەڕبوونی تەمەنی پێوە دیارەو و چینە چەورییەکان، ئەملاو ئەولای جەستەی داپۆشیوە. لە ژێر دەستەکانییەوە دوو پشیلەی گەورە، کەڕەنگە لە ڕاستیدا پڵنگ بن، سەریان دەرهێناوە و چاویان ڕاستەوخۆ بەرەو پێشەوەیە. وادیارە ژنەکە توانیویەتی ڕامیان بکات.
وەک دەزانین، ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە چاتاڵ هۆیوکدا لەسەر بنەمای جیاوازیی ڕەگەزی نەبوو، بەڵام بۆ هەمیشەش بەردەوام نەمایەوە. بۆیە لە درێژایی هەزاران ساڵدا، پلەبەندیی کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیەدا جێگیر بوو. ئەم ناوچەیە، ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ دەگرێتەوە. هەزاران ساڵ دواتریش، لە شارەکانی وەکیونانی کۆن، کولتوورێک دروست بوو کە سەرتاپا پشتی بە ئەفسانەکانی دژە ژن دەبەست کە ژنانیان بە لاواز و وەک متمانە پێنەکراوێک نیشان دەدا، کە پێیان وابوو وا باشترە ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا بهێڵرێنەوە.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا بۆچی ئەمە وا بوو؟
مرۆڤناسان و فیلسووفان ئەم گریمانەیەیان خستووەتە ڕوو کە لەوانەیە دەستپێکردنی کشتوکاڵ لەلایەن مرۆڤەکانەوە، سەرەتایەکی بڕیاردەر بووبێت بۆ ئەم گۆڕان و جیاوازییە گەورەیەی دەسەڵاتداری لە نێوان ژنان وپیاواندا. چونکە کشتوکاڵ پێویستی بە هێزێکی جەستەییی زۆر هەیە.دەستپێکی کشتوکاڵ هاوکات بوو لەگەڵ خاوەندارێتیی ئاژەڵداریش. بەپێی ئەم گریمانەیە، چینە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوون کە کێ زەوی و سامانی زیاتری هەیە. ئەمەش وای کرد پیاوان نیگەرانی سامانەکانیان بن و بیانەوێت داراییەکانیان بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان بە شێوەی فەرمی و یاسایی. هەر لەبەر ئەوە دەستیان کرد بە سنووردارکردنی ژیانی جنسی ژنان.

مەسەلە جێی باسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ژنان هەمیشە لە کاری کشتوکاڵدا ئامادە بوون. بۆ نموونە، لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەی یۆنان و ڕۆمی کۆندا ژنانێک دەبینین کە گەنم دەچێنن، یان چیرۆکهایەک دەبیستین کە ژنان، شوانییان کردووە. ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پیشانی دەدەن کە تەنانەت لە دنیای ئەمڕۆشدا، ژنان نیوەی هێزی کاری کشتوکاڵیی جیهان پێک دەهێنن و هەروەها نزیک بە نیوەی بەخێوکەران و بەڕێوەبەرانی ئاژەڵداریی بچووک لە وڵاتانی کەمداهاتدا، ژنانن. ژنانی چینی کرێکار و «ژنە کۆیلەکان» هەمیشە لە سەرتاسەری جیهاندا کاری قورسی جەستەییان کردووە. لەلایەکی تریشەوە خاڵێکی گرنگتر بۆ دۆزینەوەی دەستپێکی باوکسالاری ئەوەیە کە ساڵانێکی زۆر، پێش ئەوەی بەڵگەی ڕوون لەسەرجیاکاریی ڕەگەزی دەست بکەوێت، ڕامکردنی ئاژەڵ و بەخێوکردنی ڕووەک لە نێو مرۆڤەکاندا باو بووە. ئیان هۆدەر دەڵێت: ئەم گریمانە کۆنەی کە لەگەڵ گەشەی کشتوکاڵ دا، هاوکات موڵک و خاوەندارێتی هاتە ئاراوە و کۆنترۆڵی ژنان بەدوای خۆیدا هێنا، گریمانەیەکی هەڵەیە. چونکە زەمانبەندییەکەی ناگونجێت.
 یەکەم نیشانە ڕوونەکانی دەستپێکردنی ڕەفتاری جیاکارانە بەرامبەر ژنان، ساڵانێک دواتر لە شارستانییەتی مێزۆپۆتامیادا دەبینرێت. ناوچەیەکی مێژوویی لە نێوان ڕووباری دیجلە و فورات، کە ئەمڕۆ دەکەوێتە لای عێراق،سووریا و تورکیە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە ئەو تەختە دۆزراوانەی شاری سۆمەری ئوڕووک، لە باشووری مێزۆپۆتامیا، نیشانی دەدەن کە نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، بە ماندووبوونێکی زۆرەوە دەیانویست وردەکارییە ورد و دروستەکانی دانیشتووان و سەرچاوەکانیان تۆمار بکەن.

جەیمس سکۆت، زانای زانستە سیاسییەکان و مرۆڤناسی زانکۆی یێڵ، کە لەسەر کۆمەڵگەو دەوڵەتە یەکەمەکانی پشتبەستوو بە کشتوکاڵ، توێژینەوە دەکات، دەڵێت: «هێزی مرۆیی، هێزی بناغەیی ئەم سەردەمەیە». دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەیانویست خەڵکی زیاتریان لەبەردەستدا بێت بۆ بەرهەمهێنانی دەغڵودان وسەرچاوەی زیاتر بۆ بەرگریکردن لە وڵات، تەنانەت بۆ ئەوەش کە لە جەنگەکاندا هێزیی مرۆیی زۆریان هەبێت. هەر بۆیە بەرزکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان بۆ ئاستێک کە وەڵامدەرەوەی ئەم پێداویستییانە بێت، فشارێکی زۆری خستە سەر بنەماڵەکان.

بە تێپەڕبوونی کات، لە ژنانی گەنج چاوەڕوان دەکرا تەنیا سەرنجیان لەسەر دروست کردنی منداڵ بێت، بەتایبەتی کوڕ، کوڕانێک کە گەورە ببن و بتوانن بۆ وڵاتەکەیان بجەنگن.بۆ ئەم کۆمەڵگە سەرەتاییانە، لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوە بوو کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ئەو ڕۆڵەی بەپێی پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی پێیان سپێردرابوو، بە دروستی ئەنجامی بدەن. بنەمای ئەم پۆلێنکردنەش ژن یان پیاو بوون بوو. لەم کۆمەڵگایانەدا توانا تاکەکەسییەکان، پێداویستییەکان و خواستەکانی تاک، هیچ گرنگییان نەبوو. ئەگەر لاوێک نەیویستایە بچێتە جەنگ، لەلایەن ئەوانی دیکەوە گاڵتەی پێ دەکرا. ئەگەر ژنێک نەیویستایە بەردەوام منداڵ دروست بکات و هەستی دایکایەتیی نەبوایە، سەرزەنشت دەکرا و پێیان دەگوت ژنێکی ئاسایی نیە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی کە گێردا لێرنەری مێژوونووسی ئەمریکی کۆی کردوونەتەوە، دۆکیومێنتە نووسراوەکانی ئەوسەردەمە نیشانی دەدەن کە ژنان کەم کەم لە مەیدانی کاری گشتی و ڕابەرایەتیی کۆمەڵایەتی دوور خرانەوە و بەرەو دنیای کاری ماڵەوە و ئەرکەکانی دایکایەتی ڕەوانەکران. ئەم هەلوومەرجە، لەگەڵ باوبوونی ئەو هاوسەرگیرییانەی کە نەریت و یاسا باوکسالارانەکان تێیدا دەستییان هەبوو، واتە هەمان ئەو هاوسەرگیرییەی کە تێیدا کچان ماڵی منداڵیی خۆیان بەجێدێڵن بۆ ئەوەی لە ماڵی هاوسەرەکانیان بژین، ژنانی زیاترخستە پەراوێزەوە و کردنیانیی بە ئامانجی جۆرەها زیان و زەرەری جەستەیی و دەروونی.

بە تێپەڕبوونی کات، هاوسەرگیری، بوو بە گرێبەستێکی یاساییی ڕەق و تەق، کە تێیدا ڕەفتارکردن لەگەڵ ژنان وەک کاڵایەک بوو کە وا دەردەکەوت هی هاوسەرەکانیانن وخۆیان خاوەنی خۆیان نین. ڕەفتارێک هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ منداڵان و کۆیلەکان دەکرا. پێویستە بوترێت بەپێی بەشێک لەم لێکۆڵینەوە جیاوازانە، مێژوو لەبری ئەوەی لە بنەماڵەوە دەست پێ بکات بۆ دەستپێکی باوکسالاری، ڕوو لەو کەسانە دەکات کە لە دەوڵەت و کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە. دواتریش بۆ پێداویستییەکانیان، ڕوویان لە بنەماڵەکان کردوە و بەمەش لە سەرەتاییترین لایەنەکانی پەیوەندییە مرۆییەکاندا درزیان دروست کرد. تەنانەت بەم هۆیەشەوە پەیوەندیی دایک و باوک و منداڵانیش گۆڕدرا. تۆوی گومان و بێمتمانەیی لەو پەیوەندییانەدا چێندرا کەمرۆڤەکان بۆ خۆشەویستی و پشتگیری ڕوویان تێ دەکەن. خەڵک چیتر بۆ خۆیان یان بۆ خۆشەویستی نزیکترین کەسەکانیان نەدەژیان. بەڵکوو بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی باوکسالاری دەژیان.
لەو وڵاتانەی وەک چین و هیندستان کە سیستەمی کەلەپووریی باوکسالاری تێیاندا باوە، هێشتا منداڵی کوڕ پێشدەخرێت. ئەم پێشخستن و کوشتنی کۆرپەی کچ ە گەیشتووەتە ئاستێک کە هاوسەنگیی ڕەگەزیی ئەم وڵاتانە بەتوندی تێکچووە. ئاماری ساڵی ٢٠١١ی هیندستان نیشان دەدات کە بەرامبەر هەر ١١١ کوڕ، ١٠٠ کچ هەیە. بەڵام داتان نیشانی دەدەن کە لەگەڵ گۆڕانی نەریت و ڕێساکانی کۆمەڵگە، ئەم ژمارەیە بەرەو باشتر بوون دەچێت.
کەم نرخاندنی ژنان لە چوارچێوەی هاوسەرگیرییە باوکسالارانەکاندا هێشتا بەردەوامە. هاوسەرگیریی زۆرەملێ، کەتوندترین شێوەی ئەم کەم نرخاندنەیە ، بۆ یەکەمجار لە ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک کۆیلایەتیی مۆدێرن ناسێنرا. بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجام دراون، نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەس لە جیهاندا لە هاوسەرگیریی زۆرەملێدا گیریان خواردووە.
یەکێک لە کاریگەرییە دەروونییە درێژخایەنەکانی سیستەمی باوکسالار ئەوە بوو کە، نەزم و سیستەمی ڕەگەزیی خۆی وەک شتێکی ئاسایی و سروشتی چەسپاند و پێناسە کرد.
بە هەمان شێوە، سیستەمی چینە کۆمەڵایەتییەکان، جیاکاری و ڕەگەزپەرستیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک بابەتێکی ئاسایی پیشان دراون و چەسپێنراون.هەربۆیە ئەم نۆرمە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە ئەو قاڵبە ڕەگەزییانەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ. وەک ئەو قاڵبانەی کە دەڵێن؛ ژنان تەنها مەیلیان بۆ پاراستن و چاودێریکردنی ئەوانی دیکە هەیە و پیاوانیش تەنها دڕندە و جەنگاوەرن.

سیستەمی باوکسالار، بە دانانی مرۆڤەکان لە ناو چینە سنووردارەکان و ڕۆڵی ڕەگەزیی پێناسەکراودا، نەک تەنیا ژنان، بەڵکوو زۆرێک لە پیاوانیش سنووردار دەکات و ستەمیان لێ دەکات. ئامانجی ئەم سنوورانە دابینکردنی زۆرترین بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی سەرەوەی کۆمەڵگە بوو.بێگومان ئەم سیستەمەش، وەک گردی مەیمونەکانی باخچەی ئاژەڵانی لەندەن لە ساڵانی ١٩٢٠دا، سیستەمێکی خوار و نەگونجاوە! سیستەمێک کە لەسەر بنەمای بێمتمانەیی‌ و کەم نرخاندنی ژنان، دروست بووە.
بزووتنەوەکانی یەکسانیی ڕەگەزی کە لە سەرتاسەری جیهاندا پێکهاتوون، نیشانەی ئەو فشارە کۆمەڵایەتییەن کە مرۆڤەکان چەندین سەدەیە لە چوارچێوەی سیستەمی باوکسالاردا لەگەڵیدا دەژین.وەک ئان فیلیپس، تیئۆرناسی سیاسی، دەڵێت: هەموو تاکەکان، ئەگەر کەمێک ئازادی و دەسەڵاتیان پێ بدرێت،یەکسانی و دادپەروەری بەسەر نایەکسانی و نادادپەروەریدا هەڵدەبژێرن. هەرچەندە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ باوکسالاری، هەندێکجار زۆر ماندووکەر و ترسناک دێتە بەرچاو. بەڵام هیچ شتێک لە سروشت و زاتی ئێمەدا نییە کە بڵێت ناتوانرێت بە شێوەیەکی دیکە بژین! ئەو کۆمەڵگەیەی بە دەستی مرۆڤەکان دروست کراوە، دەتوانرێت بە دەستی خودی مرۆڤەکانیشەوە، دابڕێژرێتەوە/درووست بکرێتەوە.

نووسینی: ئانجێلا ساینی Angela Saini
وەرگێڕان: ئارێز موحەمەدی