شاخاتوونی بۆن و مێژووی عەتر


ڕاز ئەسعەد 31/10/2026     .    


Alternate Text


شکسپیر لە وێنایەکی شیعری بەرزدا دەڵێت: " چارۆکە ئەرخەوانیەکانی کەشتیەکان بە ئەندازەیەک بۆندار بوون، تەنانەت با بە بۆنەکەی عاشق دەبوو"، لەم وەسفەدا شکسپیر ئاماژە بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەدات، کە گوایە شاژنە کلیۆباترا بڕێکی زۆر لە عەترە تایبەتەکەی خۆی پژاندووە بە چارۆکەی کەشتیەکانیدا بە جۆرێک دەریای لەو بۆنە هەڵکێشاوە، تا پێش گەیشتنی خۆی بۆنەکەی بگاتە شا مارک ئەنتۆنی پاشای ڕۆمانەکان.
بۆن، عەتر، العطر، (perfom) ئەم وشەیە لە(per fumun ) لاتینیەوە وەرگیراوە (١)، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ ئەو تێکەڵە بۆندارانە بەکاردێت، کە بۆنی خۆش بڵاودەکەنەوە یان دەبەخشن بە جەستە و شوێن و تەنانەت جلوبەرگیش، ئێستا یەکێکە لە بەربڵاوترینی ئەو کەرەستانەی ڕۆژانە زۆرترینی کەسانی سەر گۆی زەوی بەکاریدەهێنن، بە جۆرێکە بۆتە پێویستی ڕۆژانە و ناوبانگی براندەکانی عەتر لە پێش سەرجەم کەرەستەکانی دیکەوەن، هەر بۆیە پیشەسازی و بازرگانییەکی گەورەیە و ملیۆنان کەس لەو بوارانەدا کاردەکەن. لێرەوە گرنگی بابەتی مێژووی عەتر خۆی دەسەپێنێت و وەک مایکرۆمێژوو یان مێژووی ژیانی ڕۆژانە گرنگی زۆری هەیە و پرسیار لە مێژووی بۆن دەوروژێنێت.
پیشەسازی بۆن، یان وەک دەوترێت هونەری پیشەسازی بۆن زۆر کۆنە و هەزاران ساڵە مرۆڤ ناسیویەتی، لەبەر گرنگی بابەتەکەش زۆر نەتەوە دەیگێڕیتەوە بۆ خۆی، بەڵام ئەوەی سەلمێنراو و حاشا هەڵنەگرە ئەوەیە ئەم پیشەسازییە ئاسیاییە و لە ڕۆژهەڵاتەوە بڵاوبۆتەوە.
دیارە سەرچاوەی زۆری کەرەستە بەکارهاتووەکانی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە سروشتەوە بووە، بێگومان هەستەوەری بۆنکردنیش لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤەوە هەیە، کەواتە پێش دروستکردنی بۆن مرۆڤ بۆنی خۆش و ناخۆشی ناسیوە، ئەی کە وایە بۆن دروستکردن یان پیشەسازی بۆن لەکەیەوە دەرکەوتووە.
یەکەم ناوهێنانی بۆن لە سواڵەیەکی بزماری سەردەمی بابلیە دێرینەکانی وڵاتی نێوان جووت ڕووباردا هاتووە، کە خاتوونێک لە نامەیەکیدا باسی دروستکردنی بۆن دەکات، ئەویش ناوی تابوتییە، مێژووی ئەو سواڵەتە گڵینە دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین.
تابوتی، یان وەک دەوترێت تابوتی بیلاتکالیم، بیلاتکالیم واتە سەرپەرشتیاری شاهانەی ژنان(٢)، دروستکەری عەترەکانی شاهانە و یەکەم کیمیاگەر لە مێژوودا. زانایانی شوێنەوارناس تۆمارێکی تەواوی کارەکانیان لە دەقە بزمارییە بابلیەکاندا دۆزیوەتەوە. تابوتی عەترەکانی تەنیا بە مەبەستی جوانکاری دروست نەدەکرد، بەڵکو بۆ بواری پزیشکی و سرووتە ئایینیەکانیش بەکاردەهات(٣). لە دروستکردنی ئەو بۆنانەدا گوڵ و لاسکی بۆندار و ڕووەکی موڕ و چەندین بابەتی دیکەی سروشتی بەکاردەهێنا، پاشان چەند جارێک دڵۆپاندنی بۆ دەکرد تا ئامادە دەبوو(٤).
تابوتی کەسێکی سادە و ئاسایی نەبووە، بەڵکو پۆستێکی باڵای لە کۆشکدا هەبووە و وەک دەقە گڵینەکان ئاماژەی پێدەدەن، سەرپەرشتیاری فەرمی دروستکردنی عەترەکان بووە لە کۆشکی پاشایەتیدا(٥).
لە سەدەی نۆهەمدا یەکەم کتێب لەسەر مێژووی عەتر لەلایەن فەیلەسوف و زانای ناوداری عەرەبی و ئیسلامی ئەبو یوسف یەعقوب ئەلکندیەوە نوسراوە، کتێبەکە بە ناوی (الترفق فی العطر) بووە، نوسینی کتێبێک لەو سەردەمەدا و لەلایەن کەسێکی واوە، نیشانەی گرنگی بۆنەکانە چ بۆ جوانکاری و چ بۆ بواری کیمیا.
لیوپۆڵد ڕۆزیکای وەرگری خەڵاتی نۆبڵی کیمیا بۆ ساڵی ١٩٣٩ دەڵێت: "لە ڕۆژانی یەکەمی دەرکەوتنی کیمیای زانستیەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بۆنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر هاوبەش بوون لە گەشەسەندنی کیمیای ئەندامییدا، لە ڕووی شێواز و پۆلینبەندی میتۆدی و تیۆریەوە"(٦).
کەواتە تابوتی سەرباری ئەوەی یەکەمین دروستکەری بۆنەکانە، یەکەمین کیمیاگەریشە لە مێژوودا دەرکەوتبێت، شیوازی تێکەڵکردنی مادەکان و بەکارهێنانی توێنەرەوەکان و دڵۆپاندن لە گرنگترین داهێنانەکانیەتی کە نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە و زۆرینەی شارستانیەتەکان لێیەوە فێربوون، ئەو شێوازی دڵۆپاندنەی ئەو بەکاریهێناوە، تائێستاش بنەمای تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانە و لە تاقیگەکاندا بەکاردێت.
کارو ژیانی تابووتی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ژن هەر لەسەرەتاکانی مێژووەوە پێگەی باڵای هەبووە و لە ئاستی دۆزینەوە زانستیەکاندا پلەی لەپێشینەی هەبووە.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە مایکرۆمێژوو شان بەشانی مێژووی کۆمەڵایەتی، تاڕادەیەکی باش دەستی بەسەر فەزای نووسینەوەی مێژووی سیاسی و مێژووە قەبەکانی دیکەدا گرتووە، زۆرینەی میتۆدە نوێیەکان کار لەسەر مێژووی ڕۆژانە و مێژووی تاک و وردە مێژووەکانی دیکە دەکەن، تا لە کۆی هەموویان تێڕوانیمان لەسەر ژیانی پێشتر و چۆنیەتی پێشکەوتنەکان ڕوونتر و ڕاستتر بێت. مێژوونووسی نوێ چیدیکە لە گێڕانەوە و پێداهەڵدانی شا و سەرکردە و چەوسێنەر و داگیرکارەکانەوە، هەواڵەکانی سەردەمی کۆنمان بۆ ناگێڕنەوە، چیدیکە مێژوونووسی پێویستی بە کتێبە قەبە چەند بەرگیەکان نییە، تا سیرە و تیرەی خۆسەپێنێک بکاتە وێردی سەر زمانی نەوەکانی داهاتوو، تۆ ئەگەر نەزانیت چرکە بە چرکە ژیانی ڕەمەکی خەڵکەکە چۆن بووە، ئیتر ژیاننامەی سەرکردەیەک چۆن دەتوانێت ڕاستیەکانت بۆ بگوێزێتەوە؟
بۆ نموونە لە دەرباری هەر پاشا و سەرکردەیەکدا، ئەوەی پێمان گەیشتووە تەنیا جەور و ستەم و لاقە و لادانی سیکسی و کوشتن و زوڵم و پێداهەڵدانە، بەڵام ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان شاردۆتەوە یان بە گرنگیان نەزانیوە بۆیە پەراوێزیان خستووە و خۆیان لێی نەبان گرتووە، بۆیە پێویستە هەمووان کار لەسەر مێژووی ژیانی ڕۆژانە بکەن، تا بتوانرێت لە دووتوێی مێژوویەکی ڕاستتردا، شێوازی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دووبارە بنوسرێتە.

سەرچاوەکان
١-محار غانم ،راوند حیدر ، کیمیاء العطور، البحث العلمي ،جامعة المنارة ، ٢٠٢٤، ص ١١.
٢-وارد بدر السالم ، تابوتي البابلیة...أول صانعة عطور في التاریخ ، منبر ثقافي عربي https://search.app/eFGekvpWyMnToqcB8
٣- https://search.app/TEyezvpx99KXvwBJ6
٤-https://search.app/xkZkPxHh5mZCWWFq7
٥-https://search.app/cAiWUgmcFV34oC3R9

٦-Galin Shyndriayeva, Perfume at the Forefront of Macrocyclic Compoound Research : from Swizerland to Du pont , lnternational Workshop on the History of Chemistry 2015 Tokyo ,P 168