ژینا ئاوێنەی برینەکانمان
شەتاو
16/09/2026 .
ژینا ئەمینی بۆ ئێمە تەنها ناوی کچێک نییە کە لە شارێکیی تر (تاران) دوور لە ماڵەوە(کوردستان) گیانی لەدەستدا. ژینا ناوی کچێکی کوردە؛ کچێک کە ژیانی لە نێوان ئێمەدا بەردەوام بوو، وەک هەزاران کچی دیکە؛ خێزانێکی هەبوو، ئاواتی بچووک و گەورەی هەبوو، پێکەنینی هەبوو، نیگەرانی هەبوو و داهاتوویەکی لەبەردەم بوو کە هێشتا دەیویست بۆ خۆی دروستی بکات.
کاتێک هەواڵی مردنی ژینا گەیشت، بۆ زۆرێک لە ئێمە تەنها هەواڵی مردنی کچێکی گەنج نەبوو. وەک ئەوە بوو شتێک کە ساڵانێک لە بێدەنگیدا لەگەڵ خۆمان هەڵمانگرتووە، لەناکاو کەسێک بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ئێمەی کورد بەو ئازارە نامۆ نین.
چەندین نەوە لە کوردستان بە برینگەلێکی ئاوا مەزن گەورە بوون؛ برینگەلێک کە هەمیشە دەرفەتی قسەکردن لەسەریان نەبووە؛ لەگەڵ جیاوازیدانان،لەگەڵ بێبەشی، لەگەڵ ترس، بەندیخانە، لەدەستدانی خۆشەویستەکانمان ، چاوەڕوانی دایکانێک کە ساڵانێک منداڵەکانیان ون بوون، ماڵێک کە کورسییەکەی بۆ هەمیشە بەتاڵ ماوەتەوە، زمانێک کە هەندێک جار لە قوتابخانە و کۆمەڵگەدا بە فەرمی نەناسراوە، و ناسنامەیەک کە زۆرجار ناچار بووین بۆ هەبوونی ڕوونکردنەوە بدەین (لە ڕۆژهەڵات بە پیی یاسای ئیران زۆربەی ناوە کوردیەکان لە ناسنامە بۆیان نیە بنوسرێن و سەبت بکرێن ) بەڵام یەکێک لە قووڵترین برینەکان، ئەو برینەیە کە بەسەر ژیانی ژناندا دانراوە.
کورد بوونی ژن، لە زۆرێک لە ساتەکانی مێژوودا، تەنها ناسنامە نەبووە؛ خۆی ئەو ناسنامەیە بە چینێکی زۆر لە جیاوازیدانان و فشارەکانەوە گرێدراوە. ژن دەبێت هەم لەگەڵ سنووردارکردنی ژنبوون بجەنگێت، هەم لەگەڵ قورسایی چاوی کۆمەڵگە، هەم لەگەڵ بێبەشیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، و هەندێک جاریش لەگەڵ ئەو هەستەی کە تەنانەت لەسەر جەستە، جلوبەرگ، زمان و داهاتووی خۆی مافی هەڵبژاردنی تەواوی نییە.
لەو بارودۆخەدا ژینا هاتە ناو مێژوو.بەڵام نابێت ژینا تەنها لەو ساتەدا بیر بخرێتەوە کە گیانی لێ ستێندرا. پێش ئەوەی ناوی ببێتە هێما، مرۆڤ بوو. کچێک بوو کە دەژیـا، ئازیزەکانی خۆش دەویست، پێدەکەنی، خێزانی هەبوو و داهاتوویەکی هەبوو کە مافی ئەوەی هەبوو خۆی هەڵیبژێرێت. لەوانەیە لێرە پێویست بێت بوەستین، پرسیار بکەین بۆچی مردنی کچێکی گەنج توانی ئەو هەموو شەپۆلە گەورەیە لە کۆمەڵگەدا دروست بکات؟ چونکە ئازار لە هەمان ئەو ڕۆژە دەستی پێ نەکردبوو.
ئازار ساڵانێک پێش ژینا هەبوو؛ لە ماڵی زۆرینەدا، لە بێدەنگیی و ترسی دایکان ، باوکان ولاوان دا، لە بیرەوەریی ئەو خێزانانەی کە خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە ئەوانەی کە ئازیزەکانیان ڕۆیشتن و هەرگیز نەگەڕانەوە و لە ژیانی ئەو خەڵکەی کە زۆرجار هەستیان کردووە نەبینراون.و پەراوێز خراون .
ژینا ئەو شرارە نەبوو کە لە هیچەوە دروست بێت؛ بەڵکو گەیشتە ئەو خاڵەی کە کۆبوونەوەی ساڵانێک ئازار، تووڕەیی، خواست و هیوای خەڵک بوو کە جووڵا . لەوانەیە بۆیە دەنگی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە بەرز بوویەوە و سنوورەکانی تێپەڕاند.ئەم سێ وشەیە بۆ ئێمە تەنها دروشم نین.
(ژن )واتە بینینی ژن، نەک وەک کەسێک کە دەبێت بۆی بڕیار بدرێت، بەڵکو وەک مرۆڤێک کە مافی ئەوەی هەیە لەسەر ژیانی خۆی بڕیار بدات.
ژیان واتە بیرخستنەوەی ئەوەی کە ژیان تەنها زیندووبوون نییە؛ ژیان دەبێت لەگەڵ شکۆ، ئاسایش، خۆشەویستی، هەڵبژاردن و توانای دروستکردنی داهاتوو بێت.
ئازادی واتە مافی هەناسەدان بەبێ ترس؛ مافی ناسنامە، زمان، بیرکردنەوە و هەڵبژاردن؛ مافی ئەوەی مرۆڤ بۆ سادەترین خواستە مرۆییەکانی خۆی ناچار نەبێت لە کەسێک مۆڵەت وەربگرێت. بۆیە، ئەگەر چیرۆکی ژینا تەنها بە مردنی ئەو کورت بکەینەوە، لەوانەیە بەبێ ئەوەی بمانەوێ، لە گەورەیی ئەو ڕاپەڕینە کەم بکەینەوە.
دەبێت ژینا ببینرێت؛ نەک تەنها وەک قوربانی، بەڵکو وەک ژنێکی کورد، کچێک، مرۆڤێک و ژیانێک کە دەتوانی بەردەوام بێت. کوردستانیش دەبێت لە بەرچاوبگیرێت ؛ نەک تەنها وەک ئەو شوێنەی ژینا لێیەوە هات، بەڵکو وەک خاکێک بە مێژوویەکی درێژ لە ئازار، بە خەبات، بە بێبەشی، بە هیوا و خۆڕاگری.
ئەم چیرۆکە تەنها چیرۆکی ڕۆژێک لە ساڵی ٢٠٢٢ نییە.
چیرۆکی ئەو ساڵانەیە کە پێش ئەو ڕۆژە تێپەڕین؛ چیرۆکی برینە نەبینراوەکان، دەنگە نەبیستراوەکان و ئەو ژیانانەی بە بێدەنگی لەدەست چوون. و لە هەمووی گرنگتر، چیرۆکی داهاتوویەکە کە هێشتا دروست نەکراوە. نابێت دووبارە تەنها بەدوای دروستکردنی قارەمانێکدا بگەڕێین کە هەموو ئاوات و ئازارەکانی کۆمەڵگەیەک بە ناوی ئەوەوە ببەستین. ژینا نابێت جێگەی کۆمەڵگە بگرێتەوە. بەهای ژینا لەوەدا نییە کە بیگۆڕین بۆ کەسێک گەورەتر لە مرۆڤ؛ بەهای ئەو لەوەدایە کە بیرمان بخاتەوە هیچ مرۆڤێک نابێت بە بێ ئەوەی ببینرێت، سەرەتا ژیانی لێ بستێنرێت.
ئەگەر دەمانەوێت ناوی ژینا زیندوو بمێنێت، لەوانەیە باشترین ڕێگا تەنها ئەوە نەبێت کە هەموو ساڵێک مردنی دووبارە بکەینەوە؛ بەڵکو دەبێت لەسەر ئەو ژیانە قسە بکەین کە لێمان وەرگیرا، لەسەر ئەو ژنانەی هێشتا لەگەڵ هەمان سنوور و زەختە دا دەژین، لەسەر ئەو منداڵانەی ئەیانەوێت داهاتووی خۆیان دروست بەکەن و لەسەر کۆمەڵگەیەک کە هێشتا برینی زۆری هەیە.
ژینا ئەمینی لە نێوانمان نەما؛بەڵام ئەو پرسیارەی بە ناوی ئەو لە نێوانماندا جێیی هێشتووە، هێشتا زیندووە: چۆن دەتوانین کۆمەڵگەیەک دروست بکەین کە تێیدا ژن، کورد، مرۆڤ و هەر کەسێکی دیکە، بۆ ژیان کردنێکی بە شکۆ، ناچار نەبێت بەهایەکی گران بە بێدەنگی و ترس بدات؟
لەوانەیە زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری ژینا هەر ئەوە بێت؛ نە ناوێک،(ژینا )، نە سنووردارکردنی ئەو بە وێنەیەک، بەڵکو بە بەردەوامی ئەو پرسیارەی کە ژیان و مردنی ئەو لەبەردەممانی داناوە ژینا نە تەنها نەمردوە بەڵکوو ئاوێنەیەک بوو کە ناچارمانی کرد سەیری برینەکانی خۆمان بکەین.
24خەرمانان
دوو ڕۆژ پێش ڕاپەرینی ژن _ژیان _ ئازادی
نوسینی شەتاو