ژینا ئەمینی و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی ئازادیدا


دەریا قادر خۆشناو 14/09/2026     .    


Alternate Text


شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ڕووداوێکی دڵتەزێنی ئاسایی هەژمارناکرێت، بەڵکو بووە هەوێنی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانی چەندین دەیەی گەلانی ئێران و بەتایبەت ژنان.
دەستبەسەرکردن و گیانلەدەستدانی ژینای تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن «پۆلیسی ڕەوشت»ەوە لە تاران، بزووتنەوەیەکی سەراسەریی لێکەوتەوە کە بەخێرایی سنوورەکانی ئێرانی بڕی و بووە شوێنی سەرنجی تەواوی جیهان.

لە دروشمێکەوە بۆفەلسەفەیەکی ڕزگاریخوازی، دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە سەرەتا لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردەوە سەرچاوەی گرت و لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید ژینا لە سەقزدا گوتراوەوە، ئەم دروشمە، فەلسەفەیەکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەپشت بوو، هاوکات ئەم شۆڕشە ژنانی خستە پێشەنگی گۆڕانکارییەکان و ڕایگەیاند کە ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژن ئاستەمە.
یەکگرتوویی و هاودەنگیی کەم وێنەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران لە کوردستانەوە تا بەلووچستان و تاران تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە بوو کە توانی تەواوی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە دەوری بەهای ئازادی کۆبکاتەوە.

کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەقامەکاندا چڕ نەبووەوە، بەڵکو دیوارە کۆنەکانی ترس، بێدەنگی و پاساوە کولتوورییەکانی ڕوخاند. پرسی ژن و مافە بنەڕەتییەکانی لە بابەتی لابەلاوە گواستەوە بۆ ناوەندی هاوکێشە سیاسییەکان. ئەم سەرهەڵدانە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی شۆکهێنەری هەبوو، پشتیوانیی ڕووناکبیران، هونەرمەندان، چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی نێودەوڵەتی نیشانیدا کە داوای ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنور ناناسێت و وێنەی ژنی کوردی وەک هێمایەکی خۆڕاگری جیهانیی ناساند.

لە بەرامبەر ئەم شۆڕشە مەدەنییەدا، دەسەڵات بە بەکارهێنانی توندوتیژیی بێڕادە، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، و سەپاندنی سزای قورس هەوڵی سەرکوتکردنی دا، بەڵام جیاوازیی ئەم سەرهەڵدانە لەوەدا بوو کە بەکارهێنانی هێز نەیتوانی ئیرادەی گۆڕانکاری بکوژێت. خۆڕاگریی خێزانی شەهیدان و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر لە زانکۆکان، قوتابخانەکان و زیندانەکاندا، سەلماندی کە خەبات بۆ ئازادی بووەتە باوەڕێکی نەگۆڕ و نەریتێکی بێگەڕانەوە.

ئەمڕۆ، گەرچی ئاستی خۆپیشاندانی شەقامەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبی، بەڵام شۆڕشی ژینا وەک دەستکەوتێکی هزر و هۆشیارییەکی زیندوو لە دەروونی کۆمەڵگەدا ماوەتەوە.
ئەم ئاڵوگۆڕە مەعریفییە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دواوەی نەهێشتووەتەوە، بنەماکانی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات بە تەواوی گۆڕاون. شۆڕشی ژینا تەنیا لاپەڕەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو نەخشەرێگەیەکە بۆ داهاتوویەک کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەری، و ئازادیی ژن دەبنە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.