ئایا شۆڕشی ژینا (ژن،ژیان،ئازادی) شکستی هێنا؟


ئارێز موحەمەدی 14/09/2026     .    


Alternate Text


چوار ساڵ لەمەوبەر، مردنی ژینا ئەمینی لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە چەخماخەی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانێکی بەرین و  سەرهەڵدانی شۆڕشێکی گەورە بە دروشمی سەرەکی ژن، ژیان، ئازادی. ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا لەسەر دەسەڵاتە، پرسیارێک کە هەمیشە دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا ئەم بزووتنەوە/شۆڕشە شکستی هێنا؟ وەڵامی من لە یەکەم کاردانەوەدا نەخێرە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم وڵامە شیبکرێتەوە، پێویستە یەکەم جار پێوانەی سەرکەوتن یان شکستن لێبدەینەوە، میکانیزمەکانی باس بکەین و ژینگەو چوارچێوەی ئەو شوێنەی شۆڕشەکە تێیدا هەڵگیرساوە، شی بکەینەوە. بۆ ژن،ژیان، ئازادی گەر لە ڕوانگەی شۆڕشێکی فمێنیستییەوە پێیدا بڕوانین ، ئەوا ڕوانگەمان بەپێی ئەمەش جیاوازە. 
بۆیە پاش چوارساڵ ئەگەر پێوانەمان تەنیا ڕووخانی ڕاستەوخۆی دەسەڵات بێت، بێگومان دەتوانین بڵێین بزووتنەوەکە سەرنەکەوتووە. چونکە ئەم پێوانەیە خۆی بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی کلاسیکە لە گۆڕانی سیاسی، کە سەرکەوتن تەنیا بە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی پێناسە دەکات. هەر بۆیە شۆڕشێک وەک «ژینا- ژن، ژیان، ئازادی» پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە کاریگەرییەکانی لە مەیدانی گفتوگۆی گشتیدا، لە شەقام، لە جەستە و لە پێکهاتەی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت.
لەم چوار ساڵەدا، مەسەلەی حیجابی زۆرەملێ و کۆنتڕۆڵی جەستەی ژنان، سەرەڕای یاسا توندو تۆڵەکانی ڕژیم، بووەتە جۆرێک لە کاردانەوەی گشتی هەر لە سەرشەقامەوە تا زانکۆ و شوێنی کار، کە سەرپێچی مەدەنی پێک هێناوەو بەجۆرێک گەشتی ئیرشاد کە هێزێکی کۆنتڕۆڵکەرە لە ئێران، خستووەتە ئەولاوە. کە هەرچەند لە کۆمەڵگەیەکی باوک/پیاوسالاری وەک ئێران هێشتا ئەم مەسەلەیەش بە تەواوەتی گشتگیر نیە و هەموو ژنان نەیانتوانیەوە حیجاب وەلانێن. 
لەلایەکی دیکەشەوە وێنەی سیاسی ڕابەرایەتی ژنان و لاوان و نەوەی نوێ، وەک سەرمایە و سەرچاوەیەکی گرنگ مایەوە بۆ داهاتوو. بۆیە لە جیاتی وشەی «سەرکەوتن یان شکست»، باشترە بزووتنەوەکە وەک خاڵێک  ببینین کە بنەمای پەیوەندی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی گۆڕی و ئەوەش باش دەزانین کە کۆمەڵگە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، تەنانەت ئەگەر پێکهاتەی دەسەڵات هێشتا وەک خۆی مابێتەوە.

هاوکات لە لایەکی دیکەوە، ئەوە ئاشکرایە کە ئێمە پاش چوارساڵ لەم شۆڕشە هێشتا لە کێشمەکێشی گوفتمانی هاوبەشداین. کە بەشێکیشی هەر ئەمەیە وای کردووە ڕوانگەمان بۆ دواکەوتنی سەرخستنی شۆڕش ڕوونتر بکاتەوە. مەسەلەیەک کە هەیە ئەوەیە کە یەکێک لە باوەڕە بنەڕەتییەکانی دروشمی ژن،ژیان،ئازادی ئەوەیە کە ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگە و گۆڕانی پێکهاتەی دەسەڵات، لە یەکتر جیا نین. بەڵکوو ڕەگ وڕیشەی لە ئەزموونی سیاسی و مێژوویی کوردستانەوە هەیە، جێگایەک کە ئازادی ژنان، ئازادی ماف بەسەر جەستە،  لەگەڵ ئازادبوون لە دەسەڵاتی زاڵی ناوەند و مافی دیاری کردنی چارەنووس گرێدراوە. لەم ڕوانگەیەوە ، «ژیان» و «ئازادی» چەمکی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵن، نەک تەنیا تاکەکەسی. بۆیە کاتێک ئەم دروشمە چووە ناو گفتوگۆی گشتی ئێران، جۆرێکی دیکە لێک درایەوە.  نەتەوەی فارس زمان، زیاتر لە دەرگای «ئازادی تاکەکەسی» و «مافی هەڵبژاردنی تاکەکەسییەوە» لێی تێیگەیشت وەک گفتوگۆیەکی نزیک لە لیبراڵیزمی مافی مرۆڤ، نەک ڕەخنەیەکی پێکهاتەیی لە دەسەڵات و ناوەندگەرایی.  هەر بۆیە ئەم لێکترازانە لە نێوان دروشم  و ناوەڕۆکەکەی، بواری هاوبەشی کردن و پێکەوە بوونی لە ئێران کەم کردەوە. هەن لە فێمینیستە فارسەکان کە دابەشکارییان کرد لە گوفتومانی «ژن، ژیان، ئازادی» و بەشێکیان بۆ خۆیان و تەنها لە ئاستی مافی ژناندا بە هزری ناوەندەوە قبوڵ کرد و لە ژنانی نەتەوەکانی دیکە کە ساڵها پەراوێزخراون و بێبەری نین لە دەیان ستەمی دیکە، چاوپۆشییان کرد. بۆیە نیوەوناتەواو قبوڵ کردنی فەهمی دروشمەکە ناتوانێ ئامانجی کۆتایی شۆڕشەکە بپێکێت وهەر ئەمەش هۆکار بوو تا نەتوانین لەم ڕووەوە خاوەن گوفتوومانێکی هاوبەش بین. ئەمە لە مێژووشدا ئاشنایە، فێمینیزمی ژنانی سپی پێست یان لیبڕاڵی تاکخواز بەرانبەر بە فێمینیزمی ڕەش یان لێکئاڵاو. بۆیە لۆژیکی سەرەکی تێگەیشتن لەم دروشمە  ئەوەیە کە چەوسانەوەی جەستەی ژن و جێندەری لەگەڵ چەوسانەوەی ئابووری، نەتەوەیی، ئایینی، لە ڕەگێکی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرن و لێک جودا نین. گەر لەبەرانبەردا لۆژیکی کۆنترۆڵ و لابردنی جیاوازی بێتە ئاراوە واتە ئێمە لە هاوکێشەیەکی شیکاریی ڕاستەقینە دوورکەوتینەتەوەو بەرەو بەرژەوەندی تاک لایەنە هەنگاو دەنین کە ئەمەش ڕێگرە بۆ سەرخستنی ئامانجێک. 

لە چاو ئەوەشدا گەر تەنها لایەنە نێگەتیڤەکە نەبینین، دروست وایە ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەم شۆڕشە بووە هۆی ئەوەیش کە لانیکەم هەوڵ بدرێت لە نێوان بەشێک لە چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران گوفتوومان ساز بکرێت، دانیشتن بکرێت و بەدەیان جار کۆڕو کۆبوونەوە ڕێکبخرێت. ململانێ لەگەڵ ستەمەکان و خستنەبەر باس و گفتووگۆیان، لایەنهایەک بوون کە تا بە ئەمڕۆ و پاش سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە، بەردەوام کراوە. ئەمەش نیشان دەری جووڵەی کۆمەڵگەیە کە ساڵها پێشتر، کپ بوو یان هەر نەبوو.  کە ئەمە بۆخۆی کەم تا زۆر دەستکەوتە.
ڕەنگە پرسیارێک کە بێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا گەیشتووین بە نەتیجە، یان دەتوانین بگەینە نەتیجە؟ 
من پێم وایە دەبێت لە دوو ئاستی جیاوازەوە بۆی بڕوانیت. یەکەم لە ئاستی ڕۆشنبیر و  تاکی ناو کۆمەڵگە، دووەم پێکهاتە ڕێکخراوەیی-سیاسیی و حزبییەکان کە وەک ئوپوزیسیۆنی ئيران کار دەکەن. 
لە ڕاستیدا تا ئاستێک لە نێوان توێژی ڕۆشنبیر و چالاکوان و لێکۆلەرانەوە ئەم باسە گەشەی سەندووە کە چەمکی ئازادی جێندەری و ئازادی نەتەوەیی وەک فیدرالیزم یان هەر جۆرە دیاری کردنێکی مافی چارەنووس لە نەتەوەکان و لادانی دەسەڵات لە ناوەند، بووەتە بابەتێکی گفتوگۆکردنی مەشرووع.

بەڵام لە ئاستی پێکهاتەی سیاسی و حزبایەتیدا، ئەم ڕوانگەیە زۆر قورستر و مەرجدارترە. زۆرجار ئۆپۆزیسیۆن ئامادەیە لە ژێر ناوی دیموکراسی قسە لە «فرەیی کولتووری» و «مافی زمانی» و «مافی ژنان» بکات، بەڵام کاتێک باس لە دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی سیاسی، خودموختاری ناوچەیی، یان بنیاتنانەوەی پەیوەندی ناوەند-پەراوێز دەکرێت، بەرگری بەهێز پیشان ئەدەن و بەتەواوەتی ڕێگرن. ناوەند خوازی بەشێکی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی تەنها ئەو بەشانەی گفتوگۆکە قبووڵ دەکات کە «تێچووی سیمبۆلی» کەمی هەیە، بەڵام ئەو بەشانەی «تێچووی پێکهاتەیی» ڕاستەقینەیان هەیە، بە تەواوەتی ڕەت دەکاتەوە. 

بە بڕوای من هەڵاواردنی جێندەریی، ڕەگەزپەرستی و ناوەندگەرایی، لە یەک لۆژیکەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە شکاندنی یەکێکیان، بەبێ شکاندنی ئەوی تر، ناتەواو دەمێنێتەوە. سەرچاوەی بنەڕەتی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە بووە و گوازراوەتەوە بۆ ئێران. بەڵام ئەم گواستنەوەیە هێشتا یەکجار ناتەواوە، چونکە دروشمەکە وەک سەمبولیک پەسەند کراوە و وەرگێڕانی زمانەوانیی بۆ کراوە،  بەڵام باری سیاسی دروشمەکە هێشتا قبوڵ نەکراوە.  
بۆیە لەکۆتاییدا دەمەوێت بە گشتی ئەوە بڵێم و   پێداگربم لەوەی کە داهاتووی ئەم شۆڕشە پابەندە بەوەی کە ئێمە وەک تاک، کۆمەڵگە، ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی داهاتوو و یاسای پێشنیارکراو، چەندە دەتوانین لە پۆتانسیەلی ڕاستەقینەی ئەم شۆڕشە بگەین و بەرانبەر بە باوکسالاری دەسەڵات  و پیاوسالاری کۆمەڵگە و هزری ناوەندخوازی و زەوتکردنی مافی نەتەوەیی، بەوەستینەوە.