زێڕینای ئامێدی و یەکێتی خاکی کوردان
ڕاز ئەسعەد
22/08/2026 .
له دێر زەمانەوە هەمیشە ژنان له پراکتیزەکردنی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی‌دا ڕۆڵ و پێگه‌ی جیاواز و تایبه‌تیان هه‌بووه، ئەگەر مێژوو نادادیان لەگەڵدا
نەکات، بە ئاشکرا دیارە کە ژنان لەڕووی دادگەریی و یەکسانی حوکمڕانییەوە، لە هەموو
سەردەمەکاندا جێدەستی خۆیان وەک مۆرکێکی نەسڕدراوە لەسەر تەوێڵی تۆمارە
مێژووییەکان نەخشاندووە.
یەکێک لە چیرۆکەکانی بەهەشتیی میرزا مەنگوڕی تەرخانە بۆ
ژیان و بەسەرهاتی ژنێکی قارەمانی کورد، کە بۆ من زۆر جێگای سەرنج بوو، چونکە
مەنگوڕی زۆر دڵنیایە لە ڕاستی ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە و ئاماژەی تەواو دەدات کە
سەرلەبەری ڕاستەقینەیە و لە سەردەمە کۆنەکاندا ڕوویداوە.
(زێڕینای ئامێدی) چیرۆکی ئەو قارەمانە کوردەیە، کە
نموونه‌ی ژنێکی سەرکردە و ڕابەر به‌توانایانه‌یه
و له مێژووی کورددا ڕۆڵێکی بێوێنە و به‌رچاوی بینیووه، (5000) ساڵ به‌ر له ئێستا
له کوردستانی گه‌ورەدا فه‌رمانڕه‌وایی کردووه، مه‌نگوڕی له‌ساڵی 1971 ئه‌م
چیرۆکه‌ی نووسیوه‌ته‌وه و له فه‌وتان پاراستویه‌تی و له دووتوێی کتێبێکی (53)
لاپه‌ڕەییدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە، بۆ ئێستاش بێسڵەمینەوە کەرەستەی فیلم یان
درامایەکی دوورودرێژە و بابەتێکی ئارکۆلۆجی زۆر گرنگە و پێویستی بە کنە و پشکنینە.
(زێڕینای ئامێدی) جوانترین و زاناترین کچی سه‌رده‌مه‌کی
خۆی بووە کچی شێرۆخانی ئەمیری ئامێدی بووە (١). ئه‌میرخان عاشقی بووه، به‌ڵام وه‌ڵامی زێرینا بۆ ئه‌میرخان
وه‌ڵامێکی مەرجدارانە و فیداکارانه بووه بۆ خاک و نیشتمانه‌که‌ی و پێیده‌ڵیت:
''ئه‌میرخان تۆ حه‌ز له په‌رستنی نیشتمان ده‌که‌یت، هیوام وایه وه‌ک ئه‌و میره
کوردانه نەبیت که هه‌ریه‌که‌یان له‌لایه‌ک بوون به نۆکه‌ری بێگانه و سه‌ریان
بۆ بێگانه شۆڕکردووه، من وام بڕیارداوه هه‌تا ئاواته‌کانی خۆم نه‌هێنمه د‌ی
هاوسه‌رگیری نه‌که‌م، چونکه هاوسه‌رگیری به شتی دووهه‌م ده‌زانم، من جارێ
دەمەوێت هه‌موو چین و لکه‌کانی کوردنشین به‌یه‌که‌وه ببه‌ستم و ئه‌ماره‌تێکی گه‌وره
له مه‌ڵبه‌ندی کورددا پێکبهێنم، چیدیکه بۆ پاشایانی فارس و ڕۆم سه‌ر شۆڕ نه‌که‌م،
خۆراکی وڵاتی کوردنشین نه‌ده‌مه بێگانه(٢).
زێرینای فه‌رمانڕه‌وا
چیرۆکی (زیڕینای
ئامێدی)، یه‌کێکه له به‌سه‌رهاته مێژووییه‌کان، مەنگوڕی له زاره‌کیه‌وه خستیه
نێو دووتوێی نووسینه‌کانه‌وه، ئه‌م به‌سه‌رهاته ئاماژه به پاڵه‌وانێتی کچه
کوردێک ده‌دات، که 5000 ساڵ به‌ر له ئێستا له کوردستاندا فه‌رمانڕه‌وایی کردووه،
ئه‌م که‌سایه‌تییه له‌یه‌ک کاتدا له‌سه‌ر دوو ئاست خه‌باتی کردووه: له‌سه‌ر
ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕووبه‌ڕووی ته‌واوی ئه‌و دابونه‌ریته چه‌سپاوانه‌ی کۆمه‌ڵگه
بۆته‌وه که ژن به بێ ده‌سه‌ڵات و وه‌ک دیلێکی ناو چوارچێوه‌ی دیواره‌کان داده‌نێت،
له‌سه‌ر ئاستی سیاسییش هه‌ر جه‌نگاوه‌رێکی ئاسایی بووه، به‌ڵکو سه‌رکرده‌یه‌کی
لێهاتووی سه‌رده‌مەکەی خۆی بووه، کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشبردنی
سیستمی سیاسی له پێناو به‌دیهێنانی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردی‌دا هەبووە، بۆ یه‌که‌م
جار له مێژوودا به سه‌رکردایه‌تی ژنێک ئەو ئاواتە بەرجەستە بووە( ٣).
لێره‌دا ده‌شێت ئه‌و پرسیاره دروست ببێت: که ئایا ده‌شێت
پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا پرسێک له ئارادا بووبێت ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی
کوردستان؟ مه‌نگوڕی لە چیرۆکەکەدا به‌لای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا نه‌چووه و له
بنه‌ڕه‌تیشه‌وه پرسیارێکی وای نه‌وروژاندووه! بەڵام تەواوی چیرۆکەکە دەبێتە
بەڵگەی ئەو خەونە، نەک هەر بۆ ئەو سەردەمە، بەڵکو بۆ سەردەمانی زۆر پێش ئەوەش،
چونکە زێڕینا وەک ئاواتێکی کۆن و خۆزگەیەکی لە مێژیینە قۆڵی لێهەڵدەماڵێت و ژیان و
بوونی خۆی بۆ دەخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوە
١-میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی ، چیرۆک ، بەسەرهات ، گێڕانەوە ، چاپخانەی
کارۆ ، سڵێمانی ، ٢٠٢٠ ، ل ٢٠
٢-میرزا محمەمەد ئەمین مەنگوڕی ، زێڕینای ئامێدی ، چاپخانەی غەری حدیثة ،
نەجەف ، ١٩٧١، ل ١٤
٣-ه،س.م ...، ل ١٣