شـــــەڕڤان


دەریا خۆشناو 11/01/2026     .    


Alternate Text


شـــــەڕڤان

مێژوو گەواهی شـــکۆتانە،
ئێوە کچی کوردن، ئەوینداری ئازادیین
تەواری بەرزەفڕی کوێستانن
ســــەوداسەری سەربەستین.
             *****

مەشخەڵی گەشی ڕێی ڕزگاریین
زادەی بڵێسە و ئاگرن، نەیاری تاریکیین،
لە کاتی کەوتنیشدا، باڵی سەرەوەری ئەگرن
بەرەو لوتکە، بۆ ئاسمانی بێ سنوور ئەفڕن.                   
             ******

شەڕڤانی کورد نامرن، ڕۆحی یاخین،
مەرگی ئێوە لەڕێ ی خاکە، و شەرەفمەندییە 
سەفەری نەمریی لەساتی فڕیندا سەربەرزییە
بەپێوە مردن، بـێـبــەندوبەســتی پڕ شانازییە.
             ******

ئێوە داربەڕووی دێرینی نیشتیمانن 
ڕەگتان لەناخی لەخاکدایە،
بەژنی لاولاون، پەل و پۆتان لەیەکدایە،
 سنەوبەری هەردەم سەوزن
سیمای تەبایی، و بۆیەکگرتوویی ڕەمزن.
             ******

سێبەر نین، ئێوە خۆری ڕووناکی زەویین
شەڕڤان و پێشمەرگەن، لە دڵتان کڵپەی ئەوین
چاونەترس، و خۆڕاگرن، ئیرادەتان چیایە
بۆ خاک و وەتەن، گیان و ڕۆحتان فیدایە.
             ******

چەکی دەست و نیگاتان، وانەی تێکۆشانە،
بەرگریی تا سەرکەوتن، مژدەی بەرخودانە،
ورەتان پۆڵایینە و بەهێز و جەسارەتن،
سەنگین و ڕەسەنن، تاسەی ژین و حەسرەتن.
             ******

لە خۆشەویستی هەست و ڕاز و نیازن
لە میهرەبانی وەک دایک، باوەشی سۆز و نازن
وەکو دالیا خۆڕاگرن
وەکو  شلێر ناسک و خۆڕسکن
لەبۆن و بەرامدا، عەنبەر و مسکن. 
             ******

کچی کورد ئاسۆی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتن
تەیـبــەت، و ڤیــان، و لەیلا، ن
دیرۆکی پڕ خەباتن 
دەنیز و ژینــا، ن، 
لە کاتی مەرگیشدا سروودی هەرمان،
بۆ گەردوون دەڵێنەوە 
ئێوە ئەستێرەن لە هەر کوێ بن، دەدرەوشێنەوە.
             ******

✍🏼 دەریا خۆشناو
11.01.2026

……………………..

تێبینی: 
دەنیز/ دەنیز عەفرینی- شەهیدی ڕۆژئاوا
ژینا/ ژینا ئەمینی- شەهیدی ڕۆژهەڵات
ڤیان/ ڤیان عەنتەر- شەهیدی ڕۆژئاوا
لەیلا/ لەیلا قاسم شەهیدی باشور 
 تەیبەت/ دایکە تەیبەت  شەهیدی باکور